سۆران.. موسلمان و مەسیحییان سالیادا کارەساتا شنگالێ ساخكرن

باسنيوز:
لە ساڵیادی کارەساتی شنگال ،بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران، بە بەشداریی ھەردوو پێکھاتەی مامۆستایانی ئایینی موسڵمان و مەسیحی، مەراسیمێکیان ساز کرد.
وەیسی سەعید، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە 3/8/2017، بۆ بەرزراگرتنی ساڵیادی کارەساتی شنگال، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سۆران، بە بەشداریی ھەردوو پێکھاتەی ئایینی موسڵمان و مەسیحی مەراسیمێکمان ساز کرد، کە سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە 3/8/2014 ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش، ھێرشی کردە سەر شنگال و ناوچەکە، کارەساتێکی گەورەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا ھێنا، ئەمەش وای کرد، شنگال ببێتە ھێمایەک بۆ زیاتر دەرخستنی تاوەنەکانی دڕندایەتیی چەکدارانی داعش، بەڵام لە سایەی قارەمانیەتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە دەڤەرەکە ئازاد کرایەوە".
ھەر لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بۆ کارەساتی شنگال، بە ناوی مامۆستایانی ھەردوو ئایینی ئیسلام و مەسیحی، پاڵپشت و پشتیوانی دەربڕی بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و گوتی: "مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون بەر لەوەی مافێکی نەتەوەیی بێت، مافێکی ئایینیشە، کە خودای پەروەردگاریش، وەک ھەموو گەلانی دونیا بە گەلی کوردستانیشی بەخشیوە، کە خاوەن کیانی سەربەخۆی خۆی بێت". 
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، داواشی لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و مەسیحی کرد، ڕۆلی گرنگی خۆیان ببینن لە ھاندانی ھاووڵاتییان، بۆ ئەوەی بە دەنگی (بەڵێ) بەشداریی ڕیفراندۆم بکەن، تەنیاش بەمە دەتواندرێت، مافی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان پارێزراو بێت".
داوای لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش کرد و گوتی: "یەکڕیزی نیشتمانی و یەک ھەڵوێستیی نێو ماڵی کورد بەھێزتر بکەن، ھەروەھا پێویستە ھەر ھەموومان لەم قۆناغەدا پاڵپشتی و پشتیوانیی ھەنگاوەکانی سەرۆک بارزانی بین، تا لە سەرخستنی ئەم دەرفەتە زێڕینەدا ھەموومان بەشدار بین".
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا لە بەردەم مزگەوتی سەروەران لە شاری سۆران، لە لایەن ھەریەک لە مەلا خالید مەلەکی، بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتیی زانایان و قەشە یەترون یۆنان، قەشەی کلێسای دیانا و ھاودیان و بێدیال پەردە لەسەر لۆگۆی ڕیفراندۆم لا درا .

تعليقات

المشاركات الشائعة