دوای سێ ساڵ لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال، کە یەکەم هێرشیان لە سنووری زومار و شنگال دەستپێکرد، کوردستان24 لە رێگەی دۆکیومێنتارییەکەوە هۆکارەکانی کەوتنی شنگال روون دەکاتەوە، لەوانە دابڕینی ئەو شارە کوردستانییەیە لە رێگەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی بەدەیان ساڵەی حکوومەتەکانی عێراق، هەروها پیلانی چەندین لایەن بۆ کودەتایەکی سیاسی لەوناوچانە.
داعش لە رۆژی 2 ئابی 2014 پەلاماری زوماریدا و رۆژی دواتر بە هاوکاری بەشی هەرە زۆری عەرەبەکانی ناوچەکە کە پشتیان لە هێزەکانی پێشمەرگە و کوردانی ئێزدی کردو پەلاماری شنگالیاندا.
شێخ مزاحم حوێت، وتەبێژی هۆزە عەرەبییەکانی نەینەوا دەڵێ: "ھۆكاری سەرەكی كەوتنی شنگال ئەوەبووم زۆربەی ئەو ھۆزە عەرەبانەی لە دەوروبەری شنگال بوون، بەشداریان كرد بۆ شكاندنی شارەكە، زۆربەیان خائین بوون و خیانەتیان لە ئێزدییەكان و ھێزی پێشمەرگە كرد".
ھەر لەبارەی ھۆكارەكانی كەوتنی شنگال ئەحمەد شنگالی، مامۆستای زانكۆ پێیوایە: "یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی کەوتنی شنگال دابڕینی ئەو شارە کوردییە کە بەدرێژایی مێژوویی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق هەوڵی دابڕینیان لە کوردستان داوە، یەکێک لەو هەوڵانە کە سەریگرت دروستکردنی بەنداوی مووسڵ بوو، کە لە ئەنجامیدا 110 گوندی کوردی بە تەواوی ژێرئاو کەوتن و شنگالیش بە تەواوی لە کوردستان دابڕا".
سمێ مەلا محەمەد، جێگری فەرماندەی شنگال ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "یەكێک لە هۆکارەکانی دیکە، چۆڵکردنی سنوور و سەربازگەکان بوو لە لایەن سوپای عێراقییەوە کە چەندین جۆری چەکی گرانیان کەوتە دەست و لە بەرامبەریشدا بەهۆی ئەو چۆڵکردنەوە هاوسەنگی هێز لە بەرژوەندی داعشدا گۆڕا".
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان ئاشكرای دەكات: "پێش ھێرشەكەی داعش لە رێگەی ھۆزە عەرەبەكانەوە پەیامی ئەوە بە دەست خەڵكی شنگال گەیشتبوو كە داعش ھێرش دەكاتە سەر شنگال، بەرپرسێكی باڵای بەغدا پێی گوتم، پارەی زۆرمانداوە بۆ كردنەوەی رێگەی سووریا بە شنگالەوە".
شنگال بە یەکێك لە کۆنترین شارەکانی کورد هەژماردەکرێ، بەڵام دوای 3 ئابی 2014 و تێکدانی پێکەوە ژیانی ئەم شارە و بەکارهێنانی بۆ موزایدەی سیاسی، بەشێکی واقیعەکەی شێونراوە و ئێستاش بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن شنگال پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی پێش هێرشەکانی داعشی هاوینی 2014.
تعليقات