دوو هەزار بەلگه‌نامێن جینۆسایدا ئێزديان لبەردەستن

وشه‌
سەرۆكی لیژنەی بە جینۆساید ناساندنی كارەساتی شنگال لە ڕێوڕەسمی سێ‌ ساڵەی ئەو كارەساتە گوتی، لە ئێستەدا زیاتر لە دوو هەزار بەڵگەنامە و شاهیدی ڕووداوەكە هەیە كە چەندان تاوانی ناشیرین تۆمار كراوە و بوونیان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەم سێی ئاب/ ئۆگستس، مەحموود حاجی ساڵح سەرۆكی لیژنەی باڵای جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزیدی لە شنگال لە ڕێوڕەسمی سێ‌ ساڵەی كارەساتەكە ڕای گەیاند، هێرشەكەی داعش پلان بۆ داڕێژراو بوو بە پلانێكی سەربازی لە چوار قۆڵەوە هێرشیان كردە سەر شارۆكەی شنگال و داگیریان كرد.
 
سەرۆكی لیژنەی باڵای جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزیدی لە شنگال  گوتی، تا ئێستە عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكانی (ICC) ئەندام نییە، ئەو دادگایە ئامادە نییە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكە بكات. سەرەڕای هەوڵەكانمان بۆ ڕازیكردنی عێراق بە بوونە ئەندام لەو دادگایە، تا ئێستە هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
لەبارەی ئەو بەڵگانەی ئامادە كراوە بۆ دادگا، سەرۆكی لیژنەی باڵای جینۆساید ناساندنی كوردانی ئێزیدی لە شنگال گوتی، تا ئێستە 793 حاڵەتی دەستدرێژیی سێكسی و 447 حاڵەتی بە سەربازكردنی منداڵان تۆمار كراوە.
لە بەشێگی گوتەكانی مەحموودی حاجی ساڵح ئاشكرای كرد، 508 حاڵەتی گۆڕینی ئاین بە زۆر تۆمار كراوە و نزیكەی هەزار و 300 كەس كوژراون و 31 گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە.
ڕۆژی سێی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش هێرشێكی كتوپڕیان كردە سەر دەڤەری شنگال و ژمارەیەكی زۆری ئێزیدییان كوشتوبڕ كرد، نزیكەی 75 هەزار كەسی سڤیل ئاوارەی سنوورەكان بوون و ڕووەو چیای شنگال ڕۆیشتن، هەروەها 400 هەزار ئێزیدی بەرەو سنووری پارێزگای دهۆك كۆچیان كرد. تا ئێستەیش سێ هەزار كچ و ژنی ئێزیدی چارەنووسیان نادیارە.
هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمەكەیان، رۆژی 17 كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2014 كە رۆژی ئاڵای كوردستانیشە، هێرشیان بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێردەستی داعش دەست پێ كرد و سێ رۆژ دواتر چوونە دەروازەی شارۆكەی شنگال. لە 13ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2015 شنگال بەبێ زیانی پێشمەرگە و لە كردەیەكی خێرادا بە تەواوی ئازاد كرا.

تعليقات

المشاركات الشائعة