ئيرۆ سێ یەمين سالڤه‌گه‌را جینۆسایدکرنا کوردێن ئێزدییە

 باسنيوز:
ئەمڕۆ سێیەم ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی (جینۆساید)ی کوردانی ئێزدییە، کە لەسەر دەستی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئەنجام درا.
ھەروەک کوردانی ئێزدی رایدەگەیەنن، ئەو ھێرش و کوشتوبڕەی ئێزدییەکان، کوشتوبڕی ژمارە 72 بوو، کە بە درێژایی مێژوو بەسەر ئێزدییەکاندا ھاتووە و ئەوان بە فەرمانی 72 ناوی دەنێن.
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، چەکدارانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ھێنا و شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد.
چەکدارانی داعش رۆژی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شاری شنگال، کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و شارێکی کوردستانییە و دانیشتووانەکەی لە مەسیحی، موسڵمان و زۆرینەی ئێزدی پێک دێت.
بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارە و ئامارەکان لەبارەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانەوە بەم شێوەیەیە:
- 360 هەزار ئاوارە
- 1293 شەهید
- 43 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراوەتەوە
- 1759 منداڵ بێ باوک بوون، 407 منداڵ بێ دایک بوون، 359 منداڵ بێ دایک و باوک بوون و 220 منداڵ دایک و باوکیان لەژێر دەستی داعشە.
- 68 پەرستگەی ئێزدییان تەقێندراوەتەوە
- 90 ئاوارەی ئێزدی ئاوارەی وڵاتانی جیهان بوون
- 3547 ژن و 2870 پیاو رفێندراون.
- 1102 ژن، 335 پیاو، 848 کچی بجووک و 801 کوڕی رفێندراو رزگار کراون
- 1597 ژن و 1728 پیاوی ئێزدی لەژێر دەستی داعشدا ماون.
دوای داگیر کردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڵێنی بە میر و ھاووڵاتییانی ئێزدی و کوردستان بە گشتی دا، کە شاری شنگال رزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەھیدانی ئێزدی لەو رێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژیی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر چیای شنگال، رزگار کردنەوەی شارەکەی راگەیاند.
دوای رزگار کردنەوەی شاری شنگال، میر تەحسین، میری ئێزدییانی کوردستان و جیھان لە راگەیەندراوێکدا، رزگارکردنەوەی شاری شنگال و ئۆپەراسیۆنی ھێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ”رۆژێکی مێژوویی“ ناساند و رایگەیاند، ”ئازادکردنەوەی شنگال خۆشی و شادی خستە دڵی ھەموو ئێزدییەکان و کوردستانییان و ھەموو مرۆڤایەتی“.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دەدات کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان بکڕێتەوە.
تاوەکو ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و حکوومەتی عێراقی، کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.
ئێزدییەکان بەشێکن لە نەتەوەی کورد و لە ھەرسێ بەشی کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا نیشتەجێن. بنکەی سەرەکیی ئایینەکەشیان، کە ئاینێکی کوردییە، لە پارێزگای دھۆکە لە کوردستان.


تعليقات

المشاركات الشائعة