وشه
لە سێیەم ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدیدا، رێكخراوەكانی ئەنفال و تاقانەكانی ئەنفال داوای دادگاییكردنی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دەكەن.
شوان محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵەی داكۆكیكار لە ماف و قوربانییانی ئەنفال لە گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی شەشی ساڵی 2014دا لەو كاتەدا كە چەكدارانی تیرۆریستی داعش لە خاكی سووریاوە دزەیان كردە خاكی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان، ئەوكات نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو و دەستبەجێ سوپا زەبەلاحەكەی رادەست بەچەكدارانی داعش بوون.
ئەو گوتی، جگە لە ئێمە لیژنەی بەرگری و ئاسایشی عێراق و زۆرینەی رەهای چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازیش، پێداگری لەوە دەكەن كە سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراق كە راستەوخۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بوو، لە پشتی بەدەستەوەدانی مووسڵ و پاشتر ناوچە كوردستانییەكانی نەینەواوە بوون.
ئەو ئەندامەی كۆمەڵەی داكۆكیكار لە ماف و قوربانییانی ئەنفال ئەوەشی خستە ڕوو، داواكاری سەرەكیی ئێمە لە ساڵڕۆژی جینۆسایدی برا ئێزیدییەكاندا دادگاییكردنی نووری مالیكییە و دەبێ دادگایی بكرێ .
حەسەن عەلی تاقانەی ئەنفال لە گەرمیان بۆ "وشە" پێداگری كرد تاوانی دوژمنانی كورد ئەوە دەسەلمێنێ كە پیلان و دوژمنكاری بەرامبەر بەكورد بەردەوامە، بۆیە دادگاییكردنی دەسەڵاتدارانی عێراق بەپێویست دەزانن.
بەپێی دوایین ئاماری كاروباری ئێزیدییان لە وەزارەتی ئەوقافی حكوومەتی هەرێم، بە هۆی هێرشی داعش هەزار و ٢٩٣ كوردی ئێزیدی شەهید بوون و 360 هەزار كەسیان ئاوارە بوون، هاوكات لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا 43 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
تعليقات