ئيرۆ دووه‌م بيره‌وه‌رييا جینۆسایدا ئێزدیانه‌

ئێزديخان نيوز:
ئەمڕۆ دووەم ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی (جینۆساید)ی ئێزدییانە، کە لەسەر دەستی چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش ئەنجام درا.
هەروەک ئێزدییەکان رایدەگەیەنن، ئەو هێرش و کوشتوبڕەی ئێزدییەکان، کوشتوبڕی ژمارە 72 بوو، کە بە درێژایی مێژوو بەسەر ئیزدییەکاندا هاتووە و ئەوان بە فەرمانی 72 ناوی دەنێن.
رۆژی 20ـی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش لە خاکی سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و شکستیان بە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا هێنا و شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوایان داگیر کرد.
چەکدارانی داعش رۆژی 3ـی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر شاری شنگال، کە لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و شارێکی کوردستانییە و دانیشتووانەکەی لە مەسیحی، موسڵمان و زۆرینەی ئێزدی پێک دێت.
بە گوتەی حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان لە پارێزگای دهۆک، دوای داگیر کردنی شنگال، چەکدارانی داعش 6410 ژن و پیاوی ئێزدییان رفاند و زۆرینەیان گواسترانەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رێکخراوەکە لە خاکی سووریا.
هەروەک بەرپرسی نووسینگەی کاروباری ئێزدییە رفێنراوەکان لە پارێزگای دهۆک رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 2640 ژن و پیاوی ئێزدی بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە رزگار کراونەتەوە.
دوای داگیر کردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی بە میر و هاووڵاتییانی ئێزدی و کوردستان بە گشتی دا، کە شاری شنگال رزگار دەکاتەوە و تۆڵەی شەهیدانی ئێزدی لەو رێکخراوە توندڕەوە دەکاتەوە.
رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2015، دوای ئۆپەراسیۆنێکی دوو رۆژیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، کە بەسەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی ئەنجامدرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەسەر چیای شنگال، رزگار کردنەوەی شارەکەی راگەیاند.
دوای رزگار کردنەوەی شاری شنگال، میر تەحسین، میری ئیزدییانی کوردستان و جیهان لە راگەیەندراوێکدا، ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ”رۆژێکی مێژووی“ ناساند و رایگەیاند، ”ئازادکردنەوەی شنگال خۆشی و شادی خستە دڵی ھەموو ئێزدییەکان و کوردستانییان و ھەموو مرۆڤایەتی“.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جینۆساید بناسێندرێت و قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان بکڕێتەوە.
تاوەکو ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و حکوومەتی عێراقی، کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکانیان بە جینۆساید ناساندووە.
ئێزدییەکان، بەشێکن لە نەتەوەی کورد و لە هەرسێ بەشی کوردستانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا نیشتەجێن. بنکەی سەرەکیی ئایینەکەشیان، کە ئاینێکی کوردییە، لە پارێزگای دهۆکە لە کوردستانی باشوور. 
ژێده‌ر:باسنيۆز

المشاركات الشائعة