سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "پێشنیاری من بۆ شنگال ئەوەیە، شارەکە وەکو یادگارییەک بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، بۆ ئەوەی بزانن چ بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە و لە تەنیشت شنگال شارێکی نوێ بۆ شنگالییەکان دروست بکرێت".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی و لە رێوڕەسمێکدا بۆ ئەو یادە کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "بەر لە دوو ساڵ، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ کارەساتێکی مەزن بەسەر گەلی ئێمەداهات بە دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەوە یەکەمین کارەسات نییە، هیوادارم دوایین کارەسات بێت بەسەر گەلی کورد".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە: "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، بەر لە 30 بۆ 40 ساڵی رابردوو، زنجیرەیەک کارەساتی یەک بەدوای یەک بەسەر گەلی کورددا هاتووە، 4500 گوندمان وێران کراوە، 182 هەزار ژن و منداڵ و پیاو لە پرۆسەی ئەنفالدا بێ سەروشوێنکران، 12 هەزار گەنجی فەیلی لە تەمەنی 18 ساڵی تا 30 ساڵی بێسەروشوێنکران، 8 هەزار بارزانی لە تەمەنی 10 ساڵی تا 90 ساڵی بێسەروشوێنکران، سەرتاسەری کوردستان کیمیابارن کرا، لە هەڵەبجە لەماوەی دوو بۆ سێ خولەک 5 هەزار کەس، کە 80%یان ژن و منداڵ بوون بە ژەهری کیمیایی شەهیدکران، ئەوەش یەکێکە لەو کارەساتانە و درێژە پێدانی ئەو کارەساتانەیە"..
بارزانی گوتی: "ئەوان نەهاتبوون ئەو کارەساتە تەنیا بەسەر شنگالدا بهێنن، بەڵکو هاتبوون لە سەرتاسەری کوردستان ئەو کارەساتە ئەنجام بدەن، ئەوان هاتبوون هەموو کوردستان داگیر بکەن، بەڵام شوکر بۆ خودا، شوکر بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان، زوو پێڕاگەیشتن و بەر سنگی ئەوانیان گرت و ئەفسانەی ئەوانیان شکاند".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردەوەکانی داعش بەدەر لە ئایین و یاسا دەزانێت و رایگەیاند: "لە هەموو یاسای دونیادا، مافی سڤیل، ژن و منداڵ لە شەڕدا پارێزراوە، ئەوانەی تیرۆریستانی داعش کردیان نە لە هیچ یاسایەک، نە لە هیچ دینێک و نە لە هیچ مەزهەبێکیشدا هەیە، بۆیە هەر سیفەتێکیان بۆ دابنرێت هەر کەمە، چونکە ئەوانە وەحش و کافر و بێ دینن".
بارزانی بە ئاماژەدان بەوەی میللەتی ئێمە میللەتێکی دیندار و خاوەن نامووسە گوتی: "ئەوان بێ دینی خۆیان سەلماند، میللەتی ئێمەش دینداری خۆی سەلماند، ئەوان بێناموسی خۆیان سەلماند، میللەتی ئێمە ناموسی خۆی و ناموسداری خۆی سەلماند، کاتێک ئەوان تێکشکان میللەتی ئێمە دەستی بۆ ناموسی کەس نەبرد، جیاوازی ئێمەو ئەوان ئەوەیە، ئەوان نە دینیان هەیە نە ناموس، میللەتی ئێمە میللەتێکی دیندارە و خاوەن ناموسە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کچانی ئێزدی بە هێمای شەرەف ناوبرد و گوتی: "جارێکی دەیڵێمەوە، ئەوەی بەسەر خوشک و برایانی ئێمە لە ئێزدییەکاندا هات، بەسەر هەمووماندا هاتووە، ئەوە کارەساتی هەموومانە، وەک لە رۆژی رزگارکردنی شنگال گوتم جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە کچە ئێزدییەکان بۆ ئێمە هێمای شەرەفن".
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشنیازێکی بۆ شنگاک راگەیاند و گوتی: "پێشنیازی من بۆ شنگال ئەوەیە، شارەکە وەکو یادگارییەک بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داهاتووش، بۆ ئەوەی بزانن چ بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە، لە تەنیشت شنگال شارێکی نوێ بۆ شنگال دروست بکرێت".
بارزانی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی هەوڵێکی جددی بدەن" بەرنامەیەکی رێک و پێک لەوبارەیەوە دابنرێت، هەم ناوچەکە ئاوەدان بکرێتەوە، هەم ئاستی ژیانی خەڵکی ناوچەکە بچێتە سەر و ژیانێکی بەختەوەر و خۆش بۆ خۆیان ببەنە سەر".
سەرۆکی هەرێمی کوردستامن شنگالی بە دوورگەیەک شوبهاند کە هەمیشە مەترسی لەسەر بووە و گوتی: "پێش ئێستا لە راستیدا هەموو کاتێک شنگال گەمارۆدراو بوو، وەکو دوورگەیەک وابوو لە دەریادا، ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم شنگال رزگارە، چونکە ئێمە لەجیاتی یەک رێگا سێ رێگامان هەیە بۆ شنگال، پشتی شنگالیش دەبێت سەلامەت بێت، ئێمە لێناگەڕێین جارێکی دیکە لە پشتەوە خەنجەرمان لێبدرێت، دەبێت ئەو ناوچەیە پاک بکرێتەوە و سەلامەت بێت، کەسی خائین و غەدار لەوێ جێی نابێتەوە."
سەبارەت بە ناساندی کارەسات شنگال وەک جینۆساید، بارزانی گوتی: "هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە وەکو جینۆسیاد بناسرێت، هەوڵەکان بەردەوام دراون و دەبێت بەردەوامیش بین، ئومێدیشمان هەیە دەگەینە ئەنجام".
بارزانی تەنیا رێگای رزگاربوون لەو کارەساتانە بە سەربەخۆیی زانی و گوتی: "لەو بۆنەیەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم چ ئەوانەی لەو کارەساتدا بە دەستی تیرۆریستان شەهید بوون، چ ئەو گەنجە فەیلیانە، چ ئەو بارزانیانە، چ ئەو 182 هەزار ئەنفالە، چ ئەو ژن و منداڵانەی لە هەڵەبجە بە ژەهر خنکێندران، هەموو ئەوانە بە ئێمە دەڵێن، ئەگەر ئێمە بمانەوێت نەوەی داهاتوو تووشی کارەساتی لەوجۆرە نەبنەوە، تەنیا رێگە ئەوەیە سەربەخۆ بین وبەرەو سەربەخۆیی بچین".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دەستپێشخەرییەکەی و ناردنی فوئاد حوسێن بۆلای لایەنە سیاسییەکان کردو گوتی: "ئێمە دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش کردووە، بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، هیوادارم بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستپێشخەرییە بکەن، پێمخۆشە بەباشی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەممان نەماوە، زۆر هەوڵماندا شەریک بین برا بین، لەمەودواش برا بین و دۆست بین، بەڵام دراوسێ بین، مادام شەراکەت قبووڵ نییە، دراوسێ بین بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش باشترە، بەڵام بە خۆشی و لێکتێگەیشتن".
بارزانی گوتیشی: "ئێمە لەو دۆخەدا، نە پێمان دەکرێت ئەو چەکەی دەمانەوێت بە دەستی بهێنین، نە لەڕووی سیاسییەوە پێمان دەکرێت ئەو بڕیارەی ئێمە دەمانەوێت بیدەین، نە لەڕووی ئابوورییەوە وەکو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بڕیار بدەین، یان دەبێت رازیبین خەڵکی دیکە لە بری ئێمە بڕیار بدات، ئەوکات گلەیی نەکرێت، یان پێویستە خاوەنی بڕیاری خۆمان بین".