ئامارو قۆناغێن جينۆسايدا ئێزديان دئێنه‌ به‌لاڤكرن

ئێزديخان نيوز:دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە رێكەوتی 3ی ئاب رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش هێرشی كردە سەر قەزای شەنگال، لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس  لە پیاو و ژن و منداڵ ئاوارە بوون یاخود كوژران و رفێنران، ئەم رووداوە كاردانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا، لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین چالاكوان و رێكخراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە هەوڵی بە جینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتەن و وەزیری شەهیدان ئەنفالكراوەكان ئاماژەبەوەدەكات، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەو كەیسە و پێشیوایە هێشتا كۆمەڵێك كۆسپ لە بەردەم بە جینۆساید ناساندندا هەیە.


ئامارەكانی مردن، كوشتن، رفاندن، ونبوون و ئاوارەبوون لە شەنگال:
بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دوای داگیركردنی شەنگال لەلایەن چەكدارانی داعش لە 3ی ئابی 2014، زیاتر لە 430 هەزار كوردی ئێزیدی و پێكهاتەی تری كریستان و كاكەیی و موسڵمان ئاوارەبوون، نزیكەی 140 هەزاریان بۆ ماوەی زیاتر لە 10 رۆژ بێ نان و ئاو لە چیای شەنگال گیریان خوارد و لەو رێژە ئاوارەیەش نزیكەی 290 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان و توركیا و سووریا بوون.


هەر بە پێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرەتای پڕۆسەی داگیركارییەكەدا 1800 كەس دووچاری كوشتنی بە كۆمەڵ بوونەوە تەنها لە گوندی كۆچۆ 400 پیاوی ئەم گوندە لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ زیندەبەچاڵكراون.


بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە دوای داگیركردنی شەنگال لە 3ی ئابی 2014ە زیاتر لە 3000 كچ و ژن و ئافرەت و منداڵ رفێنراون، ئەوەش لە رێگای جیاكردنەوەی رەگەزی مێینە لە پیاوان و  بە زۆر دەستدرێژی سێكسی كردنە سەریان و ناردنیان بۆ شوێنانی تری ژێر دەسەڵاتیان و كڕین و فرۆشتن پێیانەوە بە زۆر پێ گۆرینی ئایین و سەپاندنی ئاینی ئیسلام بەسەریاندا.


ئامارەكان دەریدەخەن تاوەكو ئێستا 500 كەس لە ژن و ئافرەت و منداڵ نادیارن و لە كاتی داگیركردنەكەش زیاتر لە 600 كەس لە پیر و منداڵ و ژن و ئافرەت گیانیان لەدەستداوە.


وەزارەتی شەهیدان، ئاماژەش بەوەدەكات "14 پەرستگا و شوێنی پیرۆزی ئاینی كوردانی ئێزیدی كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەها ساڵ پێش ئێستا رووخاون و تێكدراون".


 لە پێش رزگاركردنی شەنگال تیمەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لە بواری هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان 10 گۆڕی بە كۆمەڵی تاوانكاری داعشیان هەڵداوەتەوە، دوای رزگاركردنی شەنگالیش لە ئێستادا تیمەكانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەوڵدان بۆ هەڵدانەوەی 20 گۆڕی بە كۆمەڵ لە شەنگال و دەوروبەری بە هاوكاری كۆمیتەی نێودەوڵەتی بۆ كەسانی ونبوو.


هەر بەپێی ئامارەكان زیاتر لە 16 هەزار خانوو وێران بوون و تاوەكو ئێستاش 80% خاكی شەنگال لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگە و پەكەكە و یەپەگەوە ئازادكراون، تاوەكو ئێستاش 2640 كەس لە كوردانی ئێزیدی لە دەستی داعش هاتوونەتە رزگاركردن.
قۆناغەكانی جینۆساید لە شەنگال:

لەدوای داگیركردنی  شەنگال لە داعش بە پێی پێوەرەكانی دادگا نێودەوڵەتییەکان تاوانەکەی  داعش سەرجەم قۆناغەكانی جینۆسایدی ئەنجامداوە لەوانە:
1.دەركردنی كوردانی ئێزیدی لە شەنگال و هەڵاتنیان بەرەو چیای شەنگال و گەمارۆدانیان بەمەبەستی قڕكردن و لە ناوبردنیان و مردنی ژمارەیەكی زۆر لە ژن و منداڵ.
2.بڵاوبوونەوەی حاڵەتی نەخۆشی دەروونی لە نێو ئەو خەڵكانەی كە لە چیای شەنگال گەمارۆدرابوون.
3.گۆڕینی ئاینی كوردانی ئێزیدی بە زۆر بۆ سەر ئاینی ئیسلام لە لایەن چەكدارانی داعش.
4.كوشتنی بە كۆمەڵی خەڵكی سڤیل و بێ تاوان و شاردنەوەیان لە گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا.
5.جیاكردنەوی ژنان و ئافرەتان و كچانی ئێزیدی لە خێزانەكانیان دوای كوشتنی پیاوەكانیان بە كۆمەڵ.
6.مارەكردنی كچان و ژنان و ئافرەتانی ئێزیدی لە چەكدارانی داعش بەزۆر و بە ناوی نیكاحەوە.
7.دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچان و ژنان و ئافرەتانی ئێزێدی.
8.جیاكردنەوەی ژنان و ئافرەتان لە پیاوان بە مەبەستی ناودانی نەسل و رەچەڵەكی ئێزیدی و رێگریكردن لە منداڵبوون.
9.رووخانی شوێنەوارە ئاینی و پیرۆزەكانی ئێزیدی و كریستیان و كاكەیی كە خۆی لە پەرستگاكاندا دەبینێتەوە.


هەوڵەكانی بە جینۆساید ناساندنی كەیسی شەنگال:
محەمەد حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكروان، بۆ دواڕۆژ، ئەوەدەخاتەروو، لەبەرئەوەی عێراق ئەندام نییە لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، بۆیە دادگای ناوبراو ئامادەنییە لێكۆڵینەوە لەم تاوانە بكات، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زۆریاندا بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی فیدراڵ، بەڵام بێ ئەنجام بووە، بۆیە هێشتا كۆسپ هەن لەبەردەم بە جینۆساید ناساندنی ئەو كەیسە.


وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی باڵای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی ئەم كەیسە بە زۆرترین ناوەند و رێكخراوی نێوەدەڵەتی.


وتیشی "بۆ ئەم  دۆسیەیە بە دەیان شایەتحاڵ و دەربازبوان و لێقەوماوی هەیە كە ئێستا ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون، جگە لەوانەی كە ئاوارەی دەرەوەی هەرێم بوون كە ئامادەن داواكاری بنوسن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت".


وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان ئەوەشی خستەڕوو، دەبێ فشار بخرێتە سەر پەرلەمان و حكومەتەكان بە تایبەت ئەوانەی كە ئەندامن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی ئەوانیش لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی گفتوگۆبكەن بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو كەیسە.


ئەو شوێنانەی كە كارەساتی شەنگالیان بە جینۆساید ناساندووە:
هەریەك لە ئەڵمانیا، پاپای فاتیكان، وەزیری دەرەوەی پیشووتری ئەمریكا هیلاری كلینتۆن، پەرلەمانی یەكێتی ئەورپا، حكومەتی روسیا، كۆمیسۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، سەنتەری جینۆسایدی هۆلۆكۆست، كۆمیسۆنی ئازدای ‌وئاینی نێودەوڵەتی لە ئەمەریكا، رێكخراوی جینۆسایدی نێودەوڵەتی و پەرلەمانی بەرتانیا كارەساتی شەنگالیان بە جینۆساید ناوبردووە.


شەنگال دەكەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوای هەرێمی كوردستان، نزیكەی 120 كم لە رۆژئاوای شاری موسڵە، 50 كم لە رۆژهەڵاتی سنووری سوریا دوورە، چیای شەنگال نزیكەی 70 كم درێژ دەبێت و بەزریەكەی دەگاتە 4800 پێ لەسەر ئاستی دەریا. دانیشتوانی شەنگال پێكهاتوون لە زیاتر لە نێو ملیۆن كەس كە 73%یان  كوردی ئێزیدی و 10% كوردی موسڵمان، 15% عەرەبی سوننە، 1% كریستانەكانن.


رۆژی 3ی ئابی 2014 قەزای شەنگال لەلایەن چەكدارانی داعش داگیركرا لە 13ی نۆڤەمبەری ساڵی 2015 ئازادكرا.
ژێده‌ر:دواڕۆژ


المشاركات الشائعة