كارەساتا شنگال ب ئامار و گرافیك،كۆمەلكوژى و وێرانكاری

رووداو - هەولێر
کوردانی ئێزدی بێخەم بوون و خەریکی دینداری و ژیان بوون، لەپڕ هەموو شتێک گۆڕا و رۆژی  3-8-2014 داعش هێرشیكردە سەر شنگال‌ و دەوروبەری و كارەساتی خولقاند، گەنج و پیاوی كۆمەڵكوژكردن و ژن و كچ و منداڵانی بردن،  ئەوان كرانە كۆیلە و كڕین و فرۆشتنیان پێكرا.

دوای دوو ساڵ، تاوەكو ئێستا شنگال ئاوەدان نەكراوەتەوە و وێرانەیە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزب و لایەنەكان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان جەخت لەسەر بەپارێزگاكردنی شنگال دەكەنەوە.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان ‌و ئاوەدانكردنەوەی شنگال‌ 10 ملیار دۆلاری پێویستە. ئاماژەی بەوەشكرد هەریەك لە وڵاتەكانی ئەڵمانیا ‌و ئەمریكا بڕیاریانداوە بە پارە هاوكاری ئاوەدانكردنەوەی شەنگال بكەن.

لە مانگی 12 ی ساڵی 2014 دا، بەشێکی ناوچەکانی دەوروبەری شنگال لەدەستی داعش دەرهێندران، بەڵام سەنتەری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری تاوەكو مانگی 11 ی ساڵی 2015 هەر لەدەستی داعشدا بوون و، لە ئۆپەراسیۆنێكی دوو رۆژیدا كۆنترۆڵكرانەوە. 

فەرماندەکانی بەشدار لە شەڕی شنگال بۆ رووداو دەڵێن "بارزانی پێداگر بوو لەسەر گرتنەوەی شنگال بەزووترین کات، ئەو کارەش ئەمریکا و هاوپەیمانانی سوورتر کرد لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی گرتنەوەی ناوەندی شنگال".  شێخ عەلۆ، كە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە بە رووداوی گوت "پێداگری بارزانی بۆ سەندنەوەی شنگال ئەمەریکییەکانی هێندە کەیفخۆشکرد، خەریکبوو بفڕن".

دوو ساڵ بەسەر هێرشەكەدا‌، جگە لە گۆڕینی سێ‌ بەرپرسی ئەو قەزایە، هیچ كام لەو بەرپرسانە سزا نەدراون كە دەگوترێ‌ بەهۆی كەمتەرخەمیی ئەوانەوە، شنگال كەوتە دەستی داعش. مانگێك دوای كارەساتی شنگال، لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر یەك لە بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال و بەرپرسی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە شنگال بۆ ماوەی شەش مانگ لە پیرمام لەژێر چاودێری دانران، بەڵام دواتر ئازادكران.

قاسم سمۆ كە دوای كارەساتی شنگال، وەكو بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال دەستبەكار بوو، بە (رووداو)ی گوت "هەتا ئێستا تەنیا سێ بەرپرسی شنگال لە پۆستەكانیان لادراون، ئەوانیش بەرپرسی ئاسایشی شنگال، قایمقام و بەرپرسی لقی 17 پارتی بوون لە شنگال، جگە لەم گۆڕانكاریانە هیچ كەسێك لەسەر دۆسیەی كەوتنی شنگال سزا نەدراوە".

ساڵێك و چوار مانگە ناحیەی سنوونێ‌ و هەشت مانگیشە سەنتەری قەزای شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كراوەتەوە، تاوەكو ئێستاش 11 بەڕێوەبەری ئەو قەزایە گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان. قایمقامی شنگال دەڵێت "شەش بەڕێوەبەری قەزای شنگال هەتا ئێستا لەنێو داعشدان، دووی دیكەش هەتا ئێستا پەیوەندییان بە ئێمەوە نەكردووە، لەوانەش بەڕێوەبەری شارەوانی و  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شنگال، لەبەرئەوە بەنیازین ئەو دوو بەڕێوەبەرە و بەشێك لە بەڕێوەبەرەكانی دیكە لەچەند رۆژی داهاتوودا بگۆڕین".

کوردانی ئێزدی قوربانی دەستی داعش
  
- 430 هەزار كەس ئاوارەبوون
- 140 هەزاریان روویانکردە چیای شنگال
-  290 هەزاریان چوونە شار و شوێنانی دیکەی باشووری كوردستان
- 6 هەزار كەی بێسەروشوێن بوون
- 3455 ئافرەت
- 2800 پیاو
- 65 هەزار کەس بوونەتە پەنابەر
- هەزار و 800 کەس کۆمەڵکوژکران
- 400 کەسیان تەنیا لە گوندی کۆچۆ
- کۆمەڵکوژی لە 25 شوێن کرا
- 21  گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە
- 2745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون
- 600 منداڵ و پیر لەڕێگەی چیای شنگال گیانیان لەدەستدا

ئاستی وێرانکاری لە شنگال
  
- 80% ی سەنتەری شنگال وێرانبووە
- 14 پەرستگا رووخێندراون
- 44  مەزارگە تەقێندراونەتەوە
- کارگەی چیمەنتۆی شنگال وێرانکراوە
- 2000 بیری ئاو كوێركراونەتەوە
- هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی تێكدراون
- 3 کڵێسای مەسیحییەکان تێکدراون
خاکی شنگال
 
- 80% ی کۆنترۆڵکراوەتەوە
- 20% ی لەدەست داعشدا ماوە
ناوچە رزگارکراوەکان
- سەنتەری شنگال
- باکووری رۆژهەڵاتی شنگال
- باکووری شنگال
- باکووری رۆژئاوای شنگال

ناوچەکانی دەست داعش
- 5 کۆمەڵگە
- گر عوزێر
- کۆچۆ
- حاتەمییە
سیبا شێخ خدر
- 15 گوند
هێزەکانی شنگال
 
- 25 هەزار و 100 پێشمەرگە و چەکداری هێزەکان
- 20 هەزار پێشمه‌رگه‌
- 3 هەزار و 500 جەنگاوەری پاراستنی ئێزدخانە
- 700 شەڕڤانی یه‌كینەی به‌رخودانی شنگال
- 200 شەڕڤانی ژنی یه‌كینه‌ی به‌رخودانی ژنی شنگال
-  300 پۆلیسی عێراق
- 250 گەریلای هێزەكانی پاراستنی گه‌ل HPG
- 150 چەکداری هۆزە عه‌ره‌بەکان
کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال
-20-12-2014 پێشمەرگە گەیشتە دەوروبەری شنگال
-12-11-2015 سەنتەری شنگال ئازادکرا
- 5 پێشمەرگە شەهیدبوون
- 23 پێشمەرگە برینداربوون
- رۆژهەڵاتی شنگال
- 3 شەهید خەڵكی گوندی کۆڵات بوون
- 2 شەهید خەڵكی رۆژئاوای شنگال بوون
 
کوردانی ئێزدی رزگارکراو لەدەست داعش



- 2 هەزار و 640  کەس رزگارکراون
- 953 لە رزگاركراوەكان ژن و کچن
- 328 یان پیاون
- هەزار و441 یان منداڵن
- 684 منداڵ لە رەگەزی نێر
- 757 منداڵ لە رەگەزی مێ
- 3 هەزار و 764 كەس  لەدەست داعشدا ماون
- هەزار و 914 لە رەگەزی مێ
- 850 كەس لە رەگەزی نێر
- 1400 مێردمنداڵ خراونەتە سەربازگەکانی مەشق
کۆچبەربوونی کوردانی ئێزدی
 
- 70  هەزار بوونەتە پەنابەر
- 208  لە دەریای ئیجەدا خنکاون
- 460 کەس بێسەروشوێنن
- 400 کەس لەڕێگەی کۆچبەری دەستبەسەرکراون

المشاركات الشائعة