سیاسمەتدارێکی گەلی کورد ئاماژە بەوە دەکات، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان تاکە چارەسەرە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوەی شنگال.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3\8\2016، عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری کورد، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دۆخێکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووەتە پێشەوە، ئەگەر کورد ئەو دەرفەتە لەدەست بدات، جارێکی دیکە ژیانێکی تاریک و ڕەش لە بەردەممان دەبێت، چونکە پیلان لەسەر داگیرکردنی کوردستان بەردەوامی هەیە، ئەو هێرشەی داعش لە ڕۆژی 3ی مانگی 8ی ساڵی 2014 ئەنجامی دا، کرا بۆ ئەوەی کورد نەگاتە ئاواتی خۆی، لەهێرشی داعش بۆ سەر شنگال، جینۆساید دروست کرا، بۆیە ئەگەر کورد نەبێتە دەوڵەت، گەرەنتی نییە جارێکی دیکە کارەساتی وەک شەنگالمان بەسەر نەیەتەوە”.
ئۆجەلان لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر دەوڵەتی کوردی دروست نەبێت، بەردەوام جینۆساید و شنگالێکی دیکە چاوەڕوانی گەلی کورد دەکات، گوتیشی: “داعش هەوڵی دا لە ڕێگای داگیرکردنی شنگالەوە، پەیامێک بداتە کورد کە داعش دەیەوێت گەلی کوردستان لەناو ببات”.
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە بەپێویستی دەزانێت، ئەم جارە گەلی کوردستان هێزی خۆی بکات بە یەک و کار بۆ ئەوە بکات کە دەوڵەتی کوردستان دروست ببێت. دەشڵێت: “واز لەوە بهێنن کە کێ پشکی زیاترە و کێ دەستکەوتی زیاترە، دەبێت هەمووان کار بکەن بۆ پێشخستنی دەوڵەتی کوردستان کە ئەم دەوڵەتە گەورەترین ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییانی کوردستانە و دیاری کردنی ناسنامەی گەلی کوردستانە، لەم ڕێگایایەوە دەتوانرێت دامەزراوەی گەورە دروست بکرێت".
ژێدهر:باسنيۆز