وەزارەتا شەهیدان:ئیدارا شنگال رێگر بوو ل هلدانا گۆرێن بكۆم

ئێزديخان نيوز: 
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رەتیدەكاتەوە وەزارەتەكەیان لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال كەمتەرخەم بووبێ و رایدەگەیێنێ "دواكەوتنی هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە بەهۆی ئیدارەی شنگالەوەیە".

رۆژی چوارشەممە 3-8-2016، لە مەراسیمی یادكردنەوەی كارەساتی شنگال، سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال گلەیی لە وەزارەتی شەهیدانی و ئەنفالكراوان كرد و رایگەیاند "ئەو وەزارەتە كەمتەرخەمیان لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزدی كردووە". 

لەبەرامبەردا فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو قسەیەی قایمقایمی شەنگالی رەتكردەوە و بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "دواكەوتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە سنووری قەزای شنگال بەهۆی ئیدارەی سنوورەكە بووە و، بەهانەی ئەوەیان دەهێنایەوە كە باری ئەمنی تەواو نییە، تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە جەنابی وەزیر بە نووسراویش داوای لە قایمقامی شنگال كردووە و تیمەكانیشمان رووپێوی ناوچەكەیان كردووە".

ناوبراو هەروەها گوتی "ئێستاش تیمەكان ئامادەن بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە و هەماهەنگیش لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و رێكخراوی ICMP هەیە، جگە لەوەش گۆڕەكان لەلایەن تیمەكانمانەوە بۆ پاراستنیتن تەلبەندكراون و بەمنزیكانەش پڕۆسەكە دەست پێدەكات".
ژێده‌ر:رووداو

المشاركات الشائعة