مەحما خەلیل: ئاڤه‌دانكرنا شنگالێ 10 ملیار دۆلار پێدڤى نه‌

ئێزديخان نيوز:
قائیمقامی شنگال رایگەیاند، ئاوەدانكردنەوەی شارەكە 10 ملیار دۆلاری پێویستە و، هەریەك لە ئەڵمانیا ‌و ئەمریكاش بڕیاریانداوە هاوكاری ئاوەدانكردنەوەكە بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا هاوكاریەكانیان نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

مەحما خەلیل، قائیمقامی شنگال بە( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتوان ‌و ئاوەدانكردنەوەی شنگال 10 ملیار دۆلاریان پێویستە، هەریەك لە وڵاتەكانی ئەڵمانیا ‌و ئەمریكاش بڕیاریانداوە بە پارە هاوكاری ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكەن.

مەحما خەلیل گوتیشی "لە كۆنگرەیەكی وڵاتی كوەیت، كە لە مانگی پێنجی ئەمساڵ كرا، ئەڵمانیا بڕیاریدا لەڕێگەی كۆمپانیاكانیەوە بەبڕی 10 ملیۆن یۆرۆ هاوكاری ئاوەدانكردنەوەی شنگال بكات، هەر لە مانگی حەوتی ئەمساڵ، ئەمریكا بڕیاریدا لەو یەك ملیار ‌و 200 ملیۆن دۆلارەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاربووەكانی عێراق تەرخانیكردووە، بەشێكی بۆ شنگال بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ لەو هاوكاریانە بەدەستمان نەگەیشتوون".

قائیمقامی شنگال پێشنیاز دەكات، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال سندووقێكی كۆكردنەوەی هاوكاری دابنرێت و دەڵێت "دەكرێت سندووقەكە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی بكات، یاخود لەژێر چاودێری وڵاتانی كۆمەكبەخش بێت، چونكە بەڕاستی ئەگەر لەلای حكومەتی عێراقی بێت بۆ ئێمە زۆر جێگەی متمانە نییە".

قائیمقامی شنگال راشیگەیاند، خەڵکی شنگال هەردەم رێزیان لە یاسا و پێکەوەژیان و مرۆڤایەتی گرتووە، بەڵام هەندێک هێز لە دەرەوەی سنووری عێراق هاتوونەتە ناوچەکە و رێز لە یاسا ناگرن.

مەحما خەلیل لە گوتارێکیدا لە رێوڕەسمی دوو ساڵەی کەوتنی شنگال لە شەرفەدین راشیگەیاند "تاوەکو ئێستا 80%ی شنگال لەلایەن پێشمەرگە کۆنترۆڵکراوەتەوە و لە داهاتوودا ئەوەی ماوە کۆنترۆڵ دەکرێتەوە".

قائیمقامی شنگال دەشڵێت، هێشتا 3700 دایک و خوشکی ئێزدییەکان لەژێر دەستی داعشدا ماون و داواشیکرد میکانیزمێک بۆ ئازادکردنیان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان دابندرێت، گلەییش لە وەزارەتی شەهیدانی و ئەنفالکراوان دەكات كە "کەمتەرخەمیان لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی کردووە".

قائیمقامی شنگال گلەییشی لە حکومەتی عێراق کرد، کە لە ساڵی 2014ـوە بودجەی شنگالی بڕیوە و دوای ئازادکردنیشی هیچ بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەڤەرەکەیان نەکردووە.
لە 3-8-2014 داعش هێرشیكردە سەر شنگال‌ و بەهۆیەشەوە نزیكەی 400 هەزار كوردی ئێزدی ئاوارە بوون. نزیكەی پێنج هەزار كچ ‌و ژنی كوردی ئێزدی كەوتونەتە دەست داعش.

لە 12-11- 2015  پێشمەرگە شنگالی كۆنترۆڵكردەوە، بە گوتەی قائیقامەكەی هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە، دامودەزگا حكومییەكانی شنگال بەڕێژەی 100% و ماڵی هاونیشتمانیانیش بەڕێژەی 80%وێران بوون.

شنگال 140 كیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە و دەكەوێتە نێوان سنووری سووریا و چیای شنگالەوە.
ژێده‌ر:رووداو 

المشاركات الشائعة