بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شاری دهۆك دەڵێ، لەو ماوەیەی نووسینگەكەیان دەستبەكار بووە، تا وەكو ئێستا نزیكەی 3هەزار كەس لە ئێزدییەكان ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێنرابوون، ئازاد كراون و هەوڵەكانیشیان بۆ ئازادكردنی ئەوانەی دیكەیش بەردەوامن.
(حوسێن قایدی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر كارەساتی دڵتەزێنی شنگالدا تێپەڕ دەبێت، كە ئەنجامی ئەو كارەساتەیش كوشتن و بڕین و تاڵانكردن و وێرانكردن و كوشتنی پیاو و پیرەژن و پیرەمێرد و زارۆك و كچ و ژنان بوو، یەكێكی تریش لە ئەنجامی ئەو كارەساتە ئەوە بوو كە، زیاتر لە 1400 كەس كوژران و 6404 كەسیش رفێنران و كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش."
(قایدی) گوتیشی: "بە چاودێریی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، نووسینگەیەك هاتە كردنەوە و ئامانجی كردنەوەی نووسینگەكەیش، رزگاركردنی كەسوكاری ئێمەیە، ئەوانەی لە دەستی تیرۆریستانی داعشدان، لەو رۆژەی دەستمان بە كاری خۆمان كردووە، تاوەكو ئێستا (2640) كەس رزگار كراون، بەپێی ئەو ئامارەیشی لە بەردەستی ئێمەدایە، زیاتر لە 3هەزار و 800 كەس لە دەست داعشدا ماون و لە نووسنگەكەمان هەوڵ بۆ رزگاركردنی كەسوكارەكانمان بەردەوامە".
بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە شاری دهۆك زیاتر گوتی: "چەندین جار داوامان لە حكوومەتی عێراق و وڵاتانی جیهان كردووە ئینجا چ لە رێگای مێدیاوە یان سەردان یانیش بە نووسراوی فەرمی هاوكاریمان بكەن بۆ رزگاركردنی كەسوكارمان، خۆیشم و بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدیان سەردانی بەغدامان كردووە و لەگەل (سەلیم جبووری) سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق دانیشتین و لە 2-8ـی ساڵی 2015 بە فەرمی داوامان لێی كرد هاوكاریمان بكەن لەو بارەیەوە یاخود قەرەبووكردنەوەی كەسوكارمان ئەوانەی رزگار كراون، بەڵام جێگای داخە تاوەكو ئێستا حكوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی ئێمەی نەكردووە و چاوەڕوانیش ناكەین هاوكاریمان بكەن، بۆیە تەنیا ئەو هاوكارییەی پێشكەش بە ئێمە دەكرێت چ لەسەر ئاستی عێراق یاخود جیهان، تەنیا لەلایەن نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم جەنابی (نێچیرڤان بارزانی)ـیە."