ئەمڕۆ 3ی ئابی 2016 دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر كارەساتی شەنگال و تائێستا بەشێكی زۆری ئێزیدیەكان لەژێر دەستی داعشن و هاووڵاتیەكی ئێزیدی ڕایدەگەیەنێت "4 منداڵی خۆم و 18منداڵی براكانم لە ژێر دەستی داعشن و مانگێك پێش ئێستا توانیمان چواریان رزگاربكەین".
زەهرە خدر, تەمەن 60 ساڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لەكاتی كارەساتی شەنگال 22 منداڵی خانەوادەكەم كەوتنە ژێردەستی داعش كە بەشێكی زۆریان كور و كچی براكانم بوون, مانگێك پێش ئێستا توانیمان 4 لەمنداڵانی براكانم رزگار بكەین بەڵام داعش بەرامبەر ئەوە داوای 40 هەزار دۆلاریان لێكردین".
زهرە, وتیشی "40 هەزاردۆلارەكەم گەیاندە سەر سنوور دواتر داعش كورەكانمانیان ئازاد كرد و لە ئێستادا لە دهۆكن, بەنیازن بچنە دەرەوەی وڵات, ئەوانی تریش كە لەژێردەستی داعش ماونەتەوە تائێستا سۆراخیان نازانین كە ئایا لەژیان ماون یان مردون, بەڵام جاروبار تەلەفونمان بۆ دێت بەڵام هیچ ناڵێن".
رۆژی 3ی ئابی 2014 دوای داگیركردنی موسڵ, داعش توانی قەزای شەنگال كۆنترۆڵبكات و بەوهۆیشەوە هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی كەوتنە ژێردەستی داعش و بەشێكی زۆریشیان بەهۆی تینوێتی و برسێتییەوە لەچیای شەنگال گیانیان لەدەستدا و بەشێكیان ئێستا ئاوارەی باشووری كوردستانن.
ژێدهر:دواڕۆژ