ل وارسۆ بیرئانینا ئەنفالێن بارزانیان و کۆمکوژیا ئێزدیان بلند هاتنه‌ نرخاندن

وارشۆ-KDP.info-  
لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا، لە سەنتەری ڕۆژنامەوانیی فۆکساڵ بۆنەیەکی تایبەتی ڕێک خست، بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی بارزانییەکان و هەموو ئەو کوردانەی لە شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەدا قڕ کران، هەروەها کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان بە دەستی داعش.
بۆنەکە لەژێر ناونیشانی ''ئەنفال و کۆمەڵکوژییەکانی تر: کردەی جۆراوجۆر، بەڵام یەك واتا''، پێكهاتبوو لە نیشاندانی دوو فیلمی دۆکومێنتاری، سیمیناری زانستی و کۆنسێرتی میوزیکی کوردی. لە دیدارەکەدا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا، دەستەی دیپلۆماتی، ڕۆژنامەنوسان، ڕەوەندی کوردی و زۆر هاووڵاتیی پۆڵۆنی، کە ئامانجیان ناسینی زیاتری پڕۆسەی ئەنفال بوو، بەشدارییان کردبوو.
دیدارەکە دەستی پێ کرد بە بەخێرهاتنی میوانەکان لە لایەن (زیاد ڕەئوف)، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا و خولەکێك وەستان بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و ئەنفالکراوەکان و ئێزیدییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان. دواتر میوانەکان سەیری فیلمێکی دۆکومێنتارییان کرد کە لە لایەن نووسینگەی نوێنەرایەتیی کوردستان لە پۆڵۆنیا لەبارەی ئەنفالەوە بەرهەم هێنراوە و تێیدا  (یوسف عەزیز) باسی ئەوە دەکات، کە چۆن هەموو پیاوانی خانەوادەکەی لەگەڵ بارزانییەکان کۆمەڵکوژ کراون. هەروەها لە فیلمەکەدا پڕۆفیسۆر (ئیرێنێوش کامینسکی) Ireneusz Kamiński شارەزای یاسای نێودەوڵەتی، باسی لایەنی یاساییی ئەو پرسە و بەجینۆسایدناساندنی دەکات.
بەشی سەرەکیی دیدارەکە بریتی بوو لە سیمینارێك کە لە دوو بەش پێكهاتبوو. بەشی یەکەم لەسەر ئەنفال بوو، کە پڕۆفیسۆر (کامینسکی) لە وتارەکەیدا بە ناوی ''لە ژێر ڕۆشناییی یاسادا ئەنفال چی بوو؟'' ڕوونی کردەوە، کە بۆچی پڕۆسەی کوشتن لە دژی نەتەوەی کورد وەکو جینۆساید هەژمار دەکرێت بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و گوتی، چ هەلومەرجێکی یاسایی لەبەر دەستدایە بۆ پەلکێشکردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی. دواتر (زیاد ڕەئوف) باسی ئەو چاڵاکییانەی کرد، کە لە لایەن نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا ئەنجام دراون لە پێناو ناساندن و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان لەسەر کۆمەڵکوژکردنی کورد، لەوانە: ئامادەکردن و نووسینی ڕاڤەی یاسایی، دروستکردنی پەیوەندیی هاریکاری لە نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێم و مۆزەخانەی نیشتمانیی ئاوشفیتز بیرکێناو لە بواری ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و زانیاری لەسەر چۆنییەتیی پاراستنی بەڵگەنامە و دۆکومێنتەکانی ئەنفال و سیاسەتی پەروەردەیی، هەروەها پێشکەشکردنی یادداشت بە پەڕلەمانی پۆڵۆنیا بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال. نوێنەری حکوومەت بیری ئامادەبووانی هێنایەوە کە بەداخەوە یادداشتەکەمان بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لە لایەن پەڕلەمانی پۆڵۆنیاوە ڕەت کرایەوە، بە هۆی وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیاوە. دواتر خاتوو دکتۆر (ڕێناتا کورپێڤسکا کۆربوت)  Renata Kurpiewska-Korbut   باسی کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد و ئاماژەی دا بەوەی کە بۆچی جیهان زۆر بە هێواشی هەڵوێستی وەرگرت لەسەر کۆمەڵکوژیی کورد. زانیارییەکان بۆ گوێگرانی پۆڵۆنی زۆر جێگەی بایەخ بوون و لە سیمینارەکەدا پرسیاری زۆریان ئاڕاستە کرد لەبارەی تاوانی کۆمەڵکوژییەکە و هەروەها بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە.
لە نێوان پانێلەکاندا دووەم فیلمی دۆکومێنتاری پێشان درا، کە دکتۆر (عوسمان ئەحمەد قادر) لە ڕێگەی  نیگار و هێڵکاری و تابلۆوە ئەنفال و کۆمەڵکوژیی بەدۆکومێنت کردووە، کە ئەوەش جێگای سەرنجی بینەران بوو.
بەشی دووەمی سیمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ کردە کۆمەڵکوژییەکانی تری جیهان، وەکو جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان و هۆڵۆکوست و ئێزیدییەکان و سڕبەکان. (سێرگیوش کۆڤاڵسکی) Sergiusz Kowalski  لە کۆمەڵەی جووەکان Bnai Birth  لە وتارەکەیدا تەرکیزی کردە سەر گرینگیدان بە یادکردنەوەی کۆمەڵکوژییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەنگانەی کە ئینکاری دەکەن، یان لەو تاوانانە کەم دەکەنەوە. لە لایەکی تر دکتۆر (ئارتور ڕۆجێڤیچ) Artur Rodziewicz  بابەتێکی پێشکەش کرد لەبارەی کۆمەڵکوژکردنی ئێزیدییەکانەوە بە دەستی داعش، بە ناوی ''تراژیدیایەکی کۆتانەهاتوو''، لەسەر چۆنییەتی و ئاماری کۆمەڵکوژییەکە، هەروەها وەبیری هێنایەوە کە کارەساتی ئێزیدییەکان تا ئەمڕۆ بەردەوامە، چونکە سەدان ژن و کچ تا ئێستا بە کۆیلەیی لە ژێردەستی داعشدان.
لە کۆتاییدا هەمووان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ناوەڕۆکی هەموو کۆمەڵکوژییەکان یەك واتایان هەیە و دژی مرۆڤایەتین.

تعليقات

المشاركات الشائعة