ب ئامادەبوونا سەرۆكێ حكوومەتا هەرێمێ یادا سێ ساليا كۆمكوژيا كوردێن ئێزدی دێ ئێته‌ كرن

شنگال-KDP.info-
 بەیانی یادی كارەساتی سێ ساڵەی هێرشی داعشە بۆ سەر شنگال، یادەكە بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و بەرپرسانی حزبی و حكوومی و خەڵكی شنگال و قوربانیانی ئەو كارەساتە دەكرێتەوە.  بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان دەڵێت، 37 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە، هەموو ئامادەكارییەكیش كراوە و حەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەکە دەكرێت.
هێزەکانی داعش لە 3/8/2014دا بە چەكی قورس هێرشیان کردە سەر شنگال و توانییان داگیری بكەن. هەزاران كوردی ناوچەكە، بەتایبەت كوردە ئێزدییەكانیان كۆمەڵكوژ كرد و كچ و ژنەكانیان وەك كۆیلە لای خۆیان هێشتەوە و بازرگانییان پێوە دەكردن، بە هەزاران كەسیش ئاوارە بوون. لە 13ی تشرینی دووەمی 2015دا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، شنگال لەدەست چەكدارانی داعش ڕزگار كرا.
(بەرەڤان حەمدی)، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''37 گۆڕی بەكۆمەڵ لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی كە بەتەواوەتی ئازاد كراون، بۆ كاركردن لەسەر هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە لەسەر ئاستی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەكان بەپێی یاسای گۆڕە بەكۆمەڵەكان، كارەكان كۆتاییان هاتووە، چاوەڕوانی ڕەوشی ئەمنی دەكەین، بەتایبەتی كە ئێستا باسی ئازادكردنی تەلەعفەر دەكرێت، كە نیزیكە لە ناوچەكە، بۆیە ئەگەر بێت و ڕەوشی ناوچەكە لەبار بێت، تیمەكان حەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە دەكەن.
(حەمدی) ڕوونیشی كردەوە: ''بەیانی بە بەشداریی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتاران و لایەنەكانی حزبی و حكوومی و خەڵكی ئێزدی و قوربانییانی کارەساتەکە یادی سێ ساڵەی كارەساتی شنگال دەکرێتەوە. بۆیە یادەكە لەسەر ئاستێكی باڵا دەبێت، لەگەڵ چەندین چالاكیی دیكەی جۆراوجۆر، بەتایبەتی پێداگری لەسەر پێكەوەژیان، كە ئێمە چۆن دەتوانین ئەو جینۆسایدە بكەینە هەوێنی پێكەوەژیان و سەربەخۆییی كوردستان و هەوێنی یەكڕیزیی نیشتمانی. هەروەها پەیامێكیش دەبێت كە 31/7 ڕۆژی ئەنفالكردنی بارزانییەكان بوو، 3/8  كارەستانی ئێزدییەكانە، 25/8  ئەنفالی بادینانە. دوێنێ جینۆساید بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان هەنگاو دەنێین، ئەوە دروشمی ئەو ڕێوڕەسمە دەبێت، كە بڕیار وایە بەیانی لە شاری دهۆك بەڕێوە بچێت.''


تعليقات

المشاركات الشائعة