ڕۆژی چوارشەممە 2ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ڕابیتەی ئیسلامیی جیهانی كرد و رایگهیاند، گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە و حكوومەتەكانی عێراق لە تێكدانی شەراكەت و لەو بارودۆخە بەرپرسیارن كە بەسەر پێكهاتەكانی عێراقدا هاتووە.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پاراستنی پێكهاتەكان و فرەیی ئایینی و فكریی كوردستانیان كرد. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە زۆر چاك لە ڕەوایەتیی داواكارییەكانی گەلی كوردستان و ئەو نەهامەتیانە دەگەن كە بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە و هیوای ئەوەیان خواست كە لەژێر سەركردایەتیی و حیكمەتی سەرۆك بارزانی گەلی كوردستان بگاتە كەناری ئارام و سەقامگیری.
شاندی میوان سوپاس و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەبوو كە میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماویان كردووە و لە شەڕی داعش و خەباتی دژی ستەمكاران قوربانی زۆری داوە و كۆڵی نەداوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق كرد و ئەو هۆكارانەی شی كردەوە كە هانی گەلی كوردستانی داوە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت و ڕایشیگەیاند گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ ژیان و شەراكەت لەگەڵ عێراق تاقی كردووەتەوە و حكوومەتەكانی عێراق لە تێكدانی شەراكەت و لەو بارودۆخە بەرپرسیارن كە بەسەر پێكهاتەكانی عێراقدا هاتووە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر و هزری تاییفەگەری لەسەر سەقامگیری و پێكەوەژیان ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامیی كوردستان ئامادە بوو.
تعليقات