سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، کە کوردێکی ئێزدییە، رایدەگەیەنێت، بەشداریی ریفراندۆم دەکەن و دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان دەدەن.
سەیدۆ چەتۆ شنگالی. سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 3\8\2017 لە ھۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دھۆک یادی سێ ساڵەی داگیرکاریی شنگال دەکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
سەیدۆ چەتۆ هەروەها رایگەیاند، کە کوردانی ئێزدیی و شنگالییەکان بە گشتی بەهۆی کوردبوون و ”کەمتەرخەمیی حکوومەتی عێراق“ تووشی داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون و وەک وەفایەکیش بۆ خوێنی شەهیدانی شنگال، بەشداریی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و دەنگ بە (بەڵێ) دەدەن، ”دەبینە بەشێک لە دەوڵەتی ئاییندەی کوردستان“.
هەروەک سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانیی کوردستانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق هیچ گرنگییەک بە شنگال نادات و کوردانی ئێزدییان بە تەواوی فەرامۆش کردووە.
لە رۆژی 3\8\2014، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شاری شنگال و دوای داگیرکردنی، سەدان هاووڵاتیی کوردی ئێزدییان بە تۆمەتی کوردبوون و جیاوازیی ئایینی، کوشت.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش داگیر کران.
تعليقات