بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە بۆنەی دەستنیشانکردنی نادیە موراد وەک باڵێوزی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نیازچاکی مرۆڤ دۆستان ، ئازادیخوازان .
بە بۆنەی دەست بە کار بوونی خانم (نادیە موراد) وەک باڵێوزی نیازچاکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ شکۆی رزگاربوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ، ئێمە لە (یەکێتی ئافرەتانی کوردستان) پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خاتوو نادیە دەکەین و هەروەک لە هەڵوێستە فەرمیەکانمان و لە گوتاری فەرمی رێکخراوەکەمان لە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردووە، ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە، کەوا (نادیە موراد) و هەموو ئافرەتانی دیکەی کوردستان بە گشتی و ئێزدیەکان بە تایبەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش سیمبولی بەرخودان بون و، هەروەک چۆن پێشمەرگە لە بری هەموو جیهان شەری تیرۆریستانی داعش دەکات ، ئافرەتانی کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانەوە لە بری هەموو جیهان رووبەرووی تیرۆریستانی داعش بونەوە و بوون بە هێمای شکۆمەندی بۆ هەموو ئافرەتانی زەوی .
هەرچەندە مێژووی گەلەکەمان تەژیە لە قوربانیدان بۆ دۆزی رەوا و مافی زەوتکراومان ئەوا کارەساتی شەنگال و جینۆساید کردنی ئێزدیەکان بەشێکی گەورەی لەو مێژووە پر کردەوە و داستانی خۆراگری و بەرخودان و خۆنەویستی تۆمار کرد ، بێگومان گەلی کوردستان چ لە قۆناغە مێژوویەکانی پێشوو چ لە قۆناغی ئێستادا نمونەگەلێکی یەکجار زۆری لە قوربانیدان هەیە ، کە جێگەی ستایش و شانازی کردنن بۆ ئێستا و نەوەکانی داهاتووش بۆیە نامۆ نییە بە گەلەکەمان ئافرەتی وەک (نادیە موراد) و چەندینی دیکەی هەبێت کە ئامادەییان تێدا بێت ببن بە سیمبول بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی، ئەمەش ئەگەر بەشێکی لە سروشت و تایبەتمەندی مرۆڤانەی خۆیانەوە بێت، ئەوە بەشەکەی دیکەی هەڵقوڵاوی پەروەردە و پێگەیاندن و مێژووی گەلی کوردستانی ستەم دیدەیە .
هەڵبژاردنی (نادیە موراد) بۆ ئەو پۆستە گرنگە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان مایەی شانازییە بۆ گەلی کوردستان و نیشانەی بایەخ پێدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و بەتایبەت بە جینۆساید ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە خوشك و برا ئیزیدییەكانمان كراوە تایبەتتریش كۆیلە كردنی خوشكانی ئیزیدی و سەودا پێکردنیان ،ئەمەش جارێکی دیکە ئازایەتی و خۆراگری (نادیە موراد) نیشان دەدات لە هەستانەوە و، ئیرادە و توانای لە رادە بەدەر لە گەیاندنی کارەساتەکە بە مرۆڤ دۆستان و ناوەندە گرنگەکانی جیهان، کە توانی متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێ و ببێت بە ئەستێرەیەکی درەوشاوە لە جیهانی مرۆڤایەتی دا .
ئێمەوە دیسان بە ناوی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان پیرۆزبایی لە(نادیە موراد) باڵێوزی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ نیازچاكی دەكەین و تەواوی پشتیوانی خۆمانی بۆ دەردەبرین بۆ ئەوەی لە ئەركەكانی خۆی سەركەوتووبێت و ببێت بە دەنگ و رەنگی هەموو ئافرەتانی ستەم لێکراوی دەستی هزری توندئاژۆ ، هیوادارین هیچی دیکە کۆمەڵگای هیچی دیکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە بە دووبارە بونەوەی کارەساتی لەو شێوەیە نەدات نە لە کوردستان و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان ، سوپاس و ستایشی ئەم هەنگاوەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكەین و ئەم هەڵوێستەش دەچێتە سەر هەموو ئەو پشتیوانیانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دۆزی رەوای گەلەکەمان کە هیوادارین دواجار پشتیوانیکردنمان بێت لە گەیشتن بە سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری دانپیانراو کە مافێکی سروشتی و رەهای گەلەکەمانە ، بە رابەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز (مەسعود بارزانی) .
شكۆمەندی بۆ كورد و كوردستان و سەروەری بۆ شەهیدان .
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
17/9/2016