پەرلەمانێ كوردستانێ پشته‌ڤانيا نادیا موراد دكه‌ت

هه‌ولێر-KDP.info- 
بە بۆنەی دەستنیشانكردنی وەكو باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ئاڕاستەی (نادیە موراد) دەكات.
بەڕێز خاتوو (نادیە موراد)
سڵاو و رێز...
بە بۆنەی دەستنیشانكردنی بەڕێزتان وەكو باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، بە ناوی خۆمان و نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، جوانترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لەو ئەركە پیرۆز و مرۆییەدا كە بە ئێوەی بەڕێز راسپێردراوە و خۆمان بە سەربەرز دەزانین كە ئەمڕۆ كچێكی كوردی ئێزدی بووەتە هێمای بەرگریكردن لە مرۆڤایەتی و مافی گشت خەڵكی كوردستان و بە تایبەتیش خۆشك و برا ئێزدییەكان، كە لەم سەردەمەدا و لەسەر دەستی دوژمنانی مرۆڤایەتی "تیرۆریستانی داعش" دووچاری دڕندەترین شاڵاوی جینۆساید بوونەتەوە.

بێگۆمان، ئەم هەنگاوە بە هەموو پێوەرەكان، دەرفەتێكی گرینگ و كاریگەرە لەسەر ئاستی كاركردن لە پێناو بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی كە دژ بە خوشك و برایەكانمان لە كوردە ئێزدییەكان ئەنجام دراون و دڵنیایشین كە ئێوە دەتوانن سەركەوتووانە ئەم ئەركە جێبەجێ بكەن. ئێمەیش لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێوەی بەڕێز دەردەبڕین و دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
 
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان