بابا چاویش، کەسایەتی ئایینی کوردانی ئێزدی شانازی بە نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدی دەکات کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو باڵیۆزی نیازپاکی دەستنیشانکرا و، دەڵێ :نادیە موراد شەرەفێکە بۆ کوردانی ئێزدی و بە سەرکەوتنەکانی دڵخۆشین.
رۆژی 16-9-2016 نادیە موراد، كچە كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو باڵیۆزی نیازپاكی دەستنیشانکرا.
بابا چاویش، کەسایەتی ئایینی کوردانی ئێزیدی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دەستنیشانکردنی نادیە موردا، وەک باڵیۆزی نیازپاكی بۆ رووداو قسەی کرد و، ئاماژەی بە رۆڵ و گرنگی نادیە لەنێو کوردانی ئێزدی و جیهاندا کرد.
سەبارەت بە کوردانی ئێزدی بابا چاویش گوتی "کوردانی ئێزدی پێویستیان بە هەموو شتێکە بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن، چونکە ئێستا نزیکەی 400 هەزار کەس لەژێر چادردا دەژین و هەزاران کوردی ئێزدی لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدان، بۆیە ئەوەی بەسەر کوردانی ئێزدیدا هاتووە کەم نییە و پێویستی بە خزمەتە".
بابا چاویش، سوپاسی بانکی موون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و، دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنەکانی نادیە موراد دەربڕی و پشتگیری خۆیشی بۆ کارەکانی دووپاتکردەوە.
کەسایەتییە ئایینییەکەی کوردانی ئێزدی دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، کە لە رابردوودا رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە و بۆ رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، جەنگاون، و دەڵێ " ئەوان بۆ ماوەی دوو ساڵ زەحمەت و ناڕەحەتی زۆریان بینی و دەستخۆشیان لێدەکەین".
بابا چاویش هەروەها دەڵێ "سوپاسی بەڕیز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە توانیویەتی ئۆفیسێکی تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی بکاتەوە و یارمەتیمان بدات".
سەعید موراد، برای نادیە موراد بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو "نادیە بووەتە باڵیۆزی نیازپاكی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوەش جێگای شانازییە، كە كچەكەمان ئەو بەرپرسیارێتیەی پێدراوە، هیوادارین لەو رێگایەوە بتوانێ كار بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد و عێراق بكات".
نادیە موراد، تەمەن 23 ساڵ، بۆ یەکەمجار لە رۆژی 16-9-2015 لە دانیشتنێکی تایبەتدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوتارێکی پێشکەشکرد و، چیرۆکی خۆی وەکو کچە کوردێکی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش گێڕایەوە.
نادیە موراد کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، هەروەها گۆڤاری تایم، مورادی بە یەکێک لە 100 کاریگەرترین کەسایەتی ساڵی 2016 دەستنیشانکردووە. ئەو كچە كوردە چالاكڤانە، لە ساڵی 1993 لەدایكبووە. لە مانگی 8ی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێندرابوو، دوای ئازادكردنیش بە گێڕانەوەی ئازارەكانی نێوبانگێكی زۆری پەیداكرد.