داخوازێ ژ ناديا موراد دكه‌ت فشارێ بێختە سەربەرپرسان بۆ رزگارکرنا كچێن ئێزدى

رووداو - هەولێر 
کچێکی کوردی ئێزدی کە سێ خوشکی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون دڵخۆشە بە هەڵبژاردنی نادیە موراد وەکو باڵیۆزی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و داواشی لێدەکات، بەهەموو شێوەیەک فشار بخاتە سەر بەرپرسان بۆ رزگارکردنی ئەو کچانەی هێشتا لەژێر دەستی داعش ماون.

حەنیفە عەباس خەڵەف میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی هەڵبژاردنی نادیە موراد بە باڵیۆزی ئاشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی "پیرۆزباییەکی گەرم لە خوشکم نادیە دەکەم، هەموومان بە نادیە موراد سەربڵندین، ئەو ئازارەکانی هەموو کچان و کوردانی ئێزدی گەیاندە جیهان، هیوادارم لە داهاتوودا هەموو ئەو فرمێسکانەی کچانی ئێزدی و نادیە موراد رشتیان ببنە خۆشی".

خوشکی سێ کچە کوردە ئێزدییە رفێندراوەکە هەروەها دەڵێ "کچانی ئێزدی زۆر ناخۆشیان بینی و ئازاریان چەشت بەهۆی ئەوەی کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، بەکۆمەڵ دەستدرێژی سێکسیان کرایەسەر و بەکرێدران، هیوادارم نادیە موراد بتوانێت کۆتایی بەو ناخۆشیانە بهێنێت کە بەسەر کچانی ئێزدی هاتووە، چونکە هەتاوەکو ئێستاش زیاتر لە 3 هەزار کچ و ژنی ئێمە لە دەستیاندا ماون".

حەنیفە عەباس داوایەکی لە نادیە موراد هەیە و دەڵێ "هیوادارم ئەو فشارێک بخاتە سەر بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئەو کچانەمان کە لەژێر دەستیان ماون رزگار بکرێن". 
 
خوشکێکی تەمەن 11 ساڵی حەنیفە: رۆژانە پێنج بۆ شەش جار دەمانفرۆشن حەنفیە، کە لەدایکبووی ساڵی 1988ـە لە شنگال دەڵێ "هیچ شتێک لەبارەی خوشکەکانمەوە نازانم، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا خوشکە تەمەن 11 ساڵییەکەم بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوە کردم و گوتی: رۆژی وا هەیە پێنج جار یان شەش جار دەفرۆشرێم. هەروەها گوتی لەبەر چاوی ئێمە کچی شەش ساڵی دەبەن و بەکۆمەڵ دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر".

المشاركات الشائعة