کوردانی ئێزدی نیشتەجێی کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆک، خۆشحاڵی خۆیان لە بەرامبەر دەستنیشانکردنی نادیە موراد، وەک باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕن.
پێشەوا بەهلەوی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، لەگەڵ راگەیاندنی هەواڵی دەستنیشانكردنی نادیە موراد، كچە كوردی ئێزدی رزگاربوونی دەستی داعش وەك باڵیۆزی نیازپاكی، لەژێر هەر چادرێک سەرەڕای ئەستەمییەکانی ژیان هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکرا.
ئەمڕۆش بە ئەنجامدانی چالاکییەک لەلایەن گرووپی دەنگی گەنجانی شنگال، کە لە ژمارەیەک گەنجی کوڕ و کچی ئاوارەی شنگال پێکهاتوون، خۆشحاڵی و دڵخۆشی خۆیان بۆ دەستنیشانکردنی، نادیە موراد، وەک باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە رێکخەرانی چالاکییەکە، لە کەمپی شاریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەستنیشانکردنی نادیە موراد، وەک باڵیۆزی نیازپاکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان جێی فەخر و شانازی هەموو لایەکمانە".
ئەو رێکخەرە دەڵێت "دەستنیشانکردنی نادیە موراد، پەیامێک بوو بۆ داعش و هەر لایەنێک کە پاڵپشتی لە داعش دەکات".