وەک یەکەم کورد لە مێژووی نەتەوەیەکگرتووەکاندا و بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، نادیە موراد وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەستنیشانکرا، بان کی مۆن وتی "شانازی دەکەین بە نادیە موراد وەک باڵیۆز" .
دوای دەستنیشانکردنی، نادیە موراد ڕایگەیاند، تائێستا سێ هەزار و ٢٠٠ کچ و ژنی ئێزدی لەلای داعشن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەموو ڕێگایەک بگرنە بەر بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەیان بۆ نێو خێزانەکانیان.
نادیە موراد ئاشکراشیکرد، چەندین جار لەلایەن گروپی داعشەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و وتیشی، ئەو تائیستا خۆی بە ئازاد نازانێت تاوەکو هەموو کچان و ژنانی ئێزدی ڕزگارنەکرێن.
هاوکات بان کی مۆن، سكرتێر گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە وتەیەکدا سڵاوی بۆ ئێزیدییەکان نارد کە ئەو هەموو قوربانییانەیان لە ئەستۆ گرتوە و ڕایگەیاند، شانازی دەکات بە هەڵبژاردنی نادیە موراد وەک باڵیۆز.
هەر لە مەراسیمەکەدا باس لە ئازایەتی و بوێری و لێهاتویی نادیە موراد کرا کە چۆن توانیوێتی چیرۆکی مەرگەساتی کچان و ژنانی ئێزیدیی بگەیەنێتە جیهان.
دوای دەستنیشانکردنیشی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە هەموو پشتگیرییەکی پێویست پێشکەش بە نادیە موراد و کار و ئەرکە نوێیەکەی بکات.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە، دەستنیشانکردنی نادیە موراد نیشانەی دڵسۆزی و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان و وتیشی، نادیە جێگای شانازی هەموو ئێزیدییەکان و تەواوی کوردستانە.
نادیە موراد کە لەدەست چەکدارانی داعش ڕزگاری بووە، یەکەمین کوردە وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستنیشنکراوە.
نادیە موراد، ناوێکی ناسراو و چیرۆکێکی تراژیدی لە نێو ناوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و میدیاییەکانی جیهان، کچێک لە گوندی کۆجۆی شنگالەوە بۆ باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوەیەکگرتووەکان، نادیە موراد لە پێش هێرشی داعش بۆ ناوچەکەیان خەونی ئەوەبوو کە ببێتە مامۆستای مێژوو یان ماکیاژ بۆ هونەرمەندان بکات، بەڵام هاتنی داعش بۆ شنگال تەواوی خەون و ژیانی نادیەی گۆڕی.
ژێدهر:ئێن ئارتى