K24 – هه‌ولێر:
زۆر كه‌س و ناوه‌ندی دیار و كاریگه‌ر له پشت ناساندن و ده‌ركه‌وتنی"نادیه موراد" ئه‌و كچه كورده ئێزدییه بوون تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا كه كرا به باڵیۆزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیازپاكی.
به گوێره‌ی ئه‌و ڤیدیۆ و وێنه و زانیارییانه‌ی كه كوردستان 24 پاش گه‌ڕان و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، یه‌كێك له‌و كه‌سه دیارانه‌ی كه زۆرهاوكاری "نادیه موراد" كردووه، كچه رۆژنامه‌وانێكی ئه‌ڵمانی به ره‌گه‌ز كوردی باكوری كوردستانه به ناوی "دوزه‌ن تیككاڵ" و دوێنێش له‌كاتی دیاریكردنی "نادیه" وه‌ك باڵیۆزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیازپاكی، ئه‌و رۆژنامه‌وانه له‌گه‌ڵیدا بووه.
"دوزه‌ن تیككاڵ" یه‌كه‌م رۆژنامه‌وان بووه كه پاش ئازادبوونی نادیه موراد دیدارێكی له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامداوه و له فیلمێكی دۆكیۆمێنته‌ریشدا به ناوی"هاوار" كه له‌سه‌ر ژیانی ئێزدییه‌كان دروستكراوه، ئه‌و رۆژنامه‌وانه خۆی هاتووه‌ته كوردستان و دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه ئێزدییه ئه‌نجامداوه، له به‌شێكی فیلمه‌كه‌دا نادیه موراد ده‌رده‌كه‌وێت كه چۆنیه‌تی رزگاربوونی و نه‌هامه‌تییه‌كانی بۆ ئه‌و رۆژنامه‌وانه ده‌گێڕێته‌وه و له قسه‌كانیدا باسی ئه‌وه ده‌كات كه به "8" وه‌ره‌قه واتا "800" دۆلار رزگار كراوه، هه‌رچه‌نده له قسه‌كانیدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه نازانێت چۆن و چه‌ند بووه به‌ڵام باس له هه‌شت وه‌ره‌قه ده‌كات له به‌رامبه‌ر رزگار بوونی.
"دوزه‌ن تیككاڵ" له چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌ڵمانیشدا قسه له‌باره‌ی فیلمه‌كه‌ی و چیرۆكی نه‌هامه‌تی ئێزدییه‌كان ده‌كات و فیلمه دۆكیۆمێنته‌رییه‌كه‌شی له ئه‌ڵمانیا بووه جێگه‌ی سه‌رنج و ده‌نگیدایه‌وه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناساندن و بایه‌خدان به‌و كچه كورده ئێزدییه ، هه‌روه‌ها كتێبێكیشی له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا نوسیووه به ناوی "ئه‌ڵمانیا له ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه.
نادیه موراد به هاوكاری ئه‌و رۆژنامه‌وانه توانی مافی په‌نابه‌رێتی له ئه‌ڵمانیا به ده‌ستبهێنێت و ئێستا له شاری "شتوتگارد" ی ئه‌ڵمانیا نیشته‌جێیه.
له پاش رێوڕه‌سمی دیاریكردنی "نادیه موراد" وه‌ك باڵیۆزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان"دوزه‌ن تیككاڵ" له‌سه‌ر وێنه‌كانی نوسیووه" دوو ساڵ پێش ئێستا كه له خێوه‌تگایه‌ك دیدارم له‌گه‌ڵ نادیه ئه‌نجامدا له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووین بگه‌ینه ئێره، به‌ڵام خۆشحاڵم به‌و رۆژه گرنگه و سوپاسی پارێزه‌ره‌كه‌ی ده‌كات به ناوی "ئه‌مل كلونی" هاوسه‌ری "جۆرج كلونی ئه‌كته‌ری ناسراوی هۆلییوود، كه خۆبه‌خشانه وه‌ك پارێزه‌ری نادییه كاری كردووه و هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به وه‌رگێڕه‌كه‌ی و رێكخراوی "یه‌زد" و رێكخراوی هاوار بۆ فریاگوزاری كردووه كه هاوكاری نادییه مورادیان كردووه.
رێكخراوی "یه‌زد" یه‌كێك له‌و رێكخراوه كاریگه‌رانه‌یه کە پاڵپشتی مادی و مەعنەوی ئەمریکا و ئەڵمانیای هەیە و له رووی په‌یوه‌ندی نێودەوڵەتی له ئاستێكی كاریگه‌ر و فراواندان و چەندین شارەزای بواری جینۆساید بەتایبەتی شاره‌زایانی ئه‌مریكی له‌و بواره‌دا کاریان لەگەڵ دەکەن و تا ئێستا کاری زۆ گرنگیان کردووە بۆ دروست کردنی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان،هاوكاری ته‌واوی ئه‌و كچه ئێزدییه‌یان كردووه،چونكه ئاسان نیە ئه‌و كاره به ته‌نها بە نادیه موراد بکرێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان تەنانەت لەرووی پۆشینی جل بەرگ و چۆنیه‌تی سه‌رنج و فۆكس خستنه سه‌ر بابه‌تێك له لایه‌ن ئه‌و رێكخراوه‌وه راوێژی بۆ كراوه و رێنوێنی كراوه و به پرۆسه و به‌رنامه كاریان له‌گه‌ڵدا كردووه.
هه‌روه‌ها له كاتی دیاریكردنی نادیه موراد وه‌ك باڵیۆزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ نیازپاكی، به‌گوێره‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه رۆژنامه‌وان "دوزه‌ن تیككاڵ" له لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌رده‌كه‌وێت كه نادییه موراد باوه‌ش به‌و كچه رۆژنامه‌وانه‌دا ده‌كات و ناوبراو له پاش رزگاربوونی و ئه‌نجامدانی دیدار له‌گه‌ڵی و دروستكردنی فیلمێك له سه‌ر ئێزدییه‌كان تا دوێنێ ئاگاداری نادیه موراد بووه و له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بووه.
هه‌روه‌ها له‌و وێنانه‌دا ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی دیار و پیاوانی ئایینی ئێزدییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون كه له‌گه‌ڵ نادیه موراد بوون و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "كوردستان 24" ئێزدییه‌كانی ئه‌ڵمانیا كه له چه‌ند ناوه‌ند و ماڵێكی رۆشنبیری و ئاینی ئێزدی‌دا خۆیان رێكخستووه هاوكار و پاڵپشتی ئه‌و كچه ئێزدییه بوون و وه‌ك لۆبییه‌ك كاریان له‌سه‌ر پێشخستن و بایه‌خپێدانی ئه‌و كه‌یسه كردووه تاوه‌كو نادیه موراد بتوانێت بگاته ئه‌و ئاسته.
ئه‌م هۆكارانه و تراژیدیای ئێزدییه‌كان به گشتی و ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی به سه‌ر خانه‌واده‌ی "نادیه موراد" دا هات كه له لایه‌ن داعشه‌وه دایكی و "6" برای كوژران و خۆشی ده‌ستگیر كرا، پاشان له لایه‌ن كۆمه‌ڵێك له سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان بینرا و كۆمه‌ڵێك دیدار و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدرا، و بێ سڵه‌مینه‌وه باسی له‌و ده‌ستدرێژی و ئازاردانانه كرد كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه به‌رامبه‌ری كراوه و خۆی وه‌ك شاهیدێكی زیندوو رووداوه‌كانی ده‌گێڕایه‌وه، هه‌ر بۆیه زیاتر بوو به جێگه‌ی بایه‌خی میدیاكانی جیهان.