ئێزدى داخواز دكه‌ن ب زووترين وه‌خت كچ و ژنێن ده‌ستێن داعشێ دا بێنه‌ رزگاركرن

وشه‌:
به‌ سه‌رپه‌رشتیی "بابه‌شێخ خرتۆ" ڕابه‌ری رۆحیی كوردانی ئێزیدی و مه‌رجه‌عی ئێزیدییه‌كانی جیھان له‌ په‌رستگه‌ی لالش، به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌ په‌رستگه‌كه‌ له‌ شارۆكه‌ی شێخان، رێوڕه‌سمی جه‌ژنی "چوارشه‌مبا سۆر" به‌ڕێوه‌ چوو، تێیدا ئێزیدییه‌كان داوا ده‌كه‌ن، به‌ زووترین كات كچ و ژن و كه‌سه‌ ره‌فێنڕاوه‌كانیان له‌ ده‌ستی داعش رزگار بكه‌ن.

"كاروان باعه‌درێ" ھاووڵاتییه‌كی ئێزیدییه‌، ده‌یخاته‌ ڕوو كه‌ ئه‌وان وه‌ك ئێزیدی، ئه‌مساڵ رێوڕه‌سمی جه‌ژنی چوارشه‌مبا سۆر به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و به‌ "وشه‌"ی گوت: ئه‌م جه‌ژنه‌ له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ھه‌یه‌ و ساڵانه‌ له‌ چه‌ند رێوڕه‌سمێكی شكۆداردا به‌رز راده‌گیرێت، ئه‌مساڵیش رێوڕه‌سمه‌كان به‌ڕێوه‌ چوون و لێره‌دا داوا له‌ لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌ین، به‌ زووترین كات كچ و ژن و كه‌سه‌ ره‌فێنڕاوه‌كانمان له‌ ده‌ستی داعش رزگار بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌تا كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ نزیكه‌ و تا ئێسته‌ ھیچ كه‌سێك له‌ مووسڵ رزگار نه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر وا بڕوات، كچ و ژنه‌ ئێزیدییه‌كان بۆ شوێنه‌كانی تری وه‌ك سووریا و ره‌قه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش رووی دا، ئه‌وا پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌سته‌م ده‌بێت.

جه‌ژنی چوارشه‌مبا سۆر، كه‌ یه‌كه‌م چوارشه‌می مانگی نیسان ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ ساڵنامه‌ی شه‌رقی بۆ ئێزیدییه‌كان به‌ كۆتاھێنانی ساڵ و ده‌ستپێكی ساڵێكی نوێ ھه‌ژمار ده‌كرێت، له‌ سیماكانی ئه‌م جه‌ژنه‌دا، كوڕان و كچانی ئێزیدی، ئێواره‌ی به‌ر له‌ رۆژی چوارشه‌م، گوڵاڵه‌ سووره‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیاندا ھه‌ڵی ده‌واسن.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، "بابه‌ چاویش" كه‌سایه‌تیی ناسراوی ئێزیدی به‌ "وشه‌"ی گوت: ئێزیدییه‌كان رێزێكی زۆری مانگی نیسان ده‌گرن و له‌م مانگه‌دا پرۆسه‌ی ھاوسه‌رگیری ئه‌نجام نادرێت و نیسان خۆی وه‌ك بووك جوانه‌ و بووكی ساڵه‌.
 
دوای ھه‌ڵگرتنی چرا و رووناككردنی په‌رستگه‌ی لالش، ئێزیدییه‌كان سه‌ردانی یه‌كتر ده‌كه‌ن و جه‌ژنانه‌ له‌ یه‌كتر پیرۆز ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش نه‌ریتێكی زۆر كۆنه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای بوونی خولقێنه‌ری كینایی كه‌ ئه‌ویش سه‌ره‌تای دروستبوونی ئاخ و ئاو و ئاگره‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌وی.

بابه‌ چاویش ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ ڕوو: ژنه‌ ئێزیدییه‌كان ھێڵێكی وه‌ك ھێمای بوون ره‌نگاوڕه‌نگ ده‌كه‌ن و سه‌وگی نان ده‌بێژنه‌وه‌ و به‌سه‌ر دراوسێیه‌كانیان دابه‌شی ده‌كه‌ن و ده‌یخۆن، پیاوه‌كانیش ده‌چنه‌ نێو ده‌شت و سروشت و له‌وێ نزا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌كه‌ت بكه‌وێته‌ كشتوكاڵ و بازرگانییه‌كانیان و گه‌نج و منداڵه‌كانیش به‌ نێو كوڵانه‌كانی گوند و شار ده‌گه‌ڕێن و لوقمه‌ و شیرینی وه‌رده‌گرن.
 
"خه‌یری بوزانی" به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كاروباری ئێزیدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ڕوونی كرده‌وه‌، وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێكی زۆری ئێزیدییه‌كان له‌ ماڵی خۆیان نین و به‌ھۆی ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ریاندا ھات، ئێسته‌ له‌ نێو خێوه‌ت ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و ئاواره‌ن، به‌ڵام رێوڕه‌سمی جه‌ژنی چوارشه‌مبا سۆر به‌ڕێوه‌ چوو، ئێزیدییه‌كان جه‌ژنانه‌یان له‌ یه‌كتر پیرۆز كرد، لێره‌وه‌ داواكارین ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر به‌ھانای ئه‌و ئاوارانه‌وه‌ بێن، چونكه‌ خزمه‌تكردنیان له‌ سه‌رووی توانای حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و عێراقدایه‌.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان، ئێزیدییه‌كان ژماره‌یان ده‌گاته‌ زیاتر له‌ نیو ملێۆن كه‌س كه‌ به‌سه‌ر ھه‌ردوو پارێزگای دھۆك و مووسڵدا دابه‌ش بوون، ھاوكات  له‌ دنیادا ژماره‌ی گشتییان ده‌گاته‌ نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س و زۆرینه‌یان له‌ توركیا، سووریا، ئێران، جۆرجیا، ئه‌رمینیا، ئه‌مه‌ریكا و زۆر ناوچه‌ی تر له‌ ئه‌وروپا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.

تعليقات

المشاركات الشائعة