بابا چاویش:هێشتا چاره‌نڤيسێ ب هه‌زاران گرتيێن ئێزدى نه‌دیاره‌

ئێزديخان نيوز:
بابا چاویش، گه‌وره‌ پیاوی ئایینیی ئێزدی بۆ (باس)ی روونی كرده‌وه‌، رۆژی 3/8/2016 ساڵڕۆژی كاره‌ساتی شنگال ده‌كرێته‌وه‌. گه‌لێ فه‌رمان و ده‌رده‌سه‌ری به‌ سه‌ر كوردی ئێزدیدا هاتووه‌، لێ هیچ ده‌رده‌سه‌رییه‌ك وه‌ك كاره‌ساتی شنگال دڵی میلله‌تی كوردی نه‌هێشاندووه‌ و برینداری نه‌كردووه‌، چونكه‌ تیرۆریستانی داعش كچ و ژنانی ئێزدییان رفاند و بازرگانییان پێوه‌ كردن.

بابا چاویش خزمه‌تكاری په‌رستگه‌ی لالش ئاشكرای كرد، پاش تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی شنگالدا، جارێكی دی برینی كوردی ئێزدی نوێ ده‌بێته‌وه‌، هه‌تا ئێستا به‌ هه‌زاران هاووڵاتی چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خوشك و برایانی رفێندراوی خۆیانن.

خزمه‌تكاری په‌رستگه‌ی لالش گوتی: "كه‌سێ كه‌ له‌م كاره‌ساته‌ مه‌زنه‌دا خۆی به‌ خاوه‌نی ئێزدی زانی، ته‌نیا ماڵی بارزانی بوو، به‌ تایبه‌تیش جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی. میلله‌تی كوردیش هه‌ر له‌ زاخۆ و دهۆك و هه‌ولێره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌یه‌كی كوردستان، ده‌رگای ماڵی خۆیان بۆ ئێزدی كرده‌وه‌، ئێزدییان حه‌وانده‌وه‌. ئه‌مه‌ شتێكی مێژووییه‌ هیچ كاتێك مێژوو له‌ بیری ناكات. ئه‌و جۆره‌ی دوژمن بیری له‌ كورد ده‌كرده‌وه‌، به‌ ته‌واوی به‌ره‌واژی ده‌رچوو. كاره‌ساتی شنگال بووه‌ مایه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی نێوان ئێزدی و موسڵمان و مه‌سیحی، بووه‌ مایه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان به‌هێزتر بێت. ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین ئه‌و به‌هێز بوونه‌ی پێكه‌وه‌ ژیان ده‌بێته‌ مایه‌ی دروست بوونی ده‌وڵه‌تی كوردی."

بابا چاویش روونیشی كرده‌وه‌، دوو ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی شنگالدا تێپه‌ڕی، هێشتا چاره‌نووسی به‌ هه‌زاران رفێندراو نادیاره‌، هه‌ر كاتێك رفێندراوێك رزگار ده‌كرێت، به‌ رێوڕه‌سمی ئایینی له‌ په‌رستگه‌ی لالش پێشوازیی لێ ده‌كرێت، په‌یامی ئه‌مه‌ش مه‌زنترین به‌رسڤه‌ بۆ ناحه‌زانی میلله‌تی كورد.

بابا چاویش ئاشكراشی كرد، ئێزدی پاشماوه‌ی پتر له‌ 70 فه‌رمانن، هیچ كاتێك ئێزدی قڕ نه‌كراون و له‌ناو نه‌چوون، به‌ڕاستی كاره‌ساتی شنگال دڵی هه‌موو كوردپه‌روه‌رانی هێشاند، به‌ڵام رزگاركردنی شنگال له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك بارزانی، جارێكی دی دڵی ئێزدیانی زۆر خۆش كرد، ئێستاش ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین شنگال ئاوه‌دان بكرێته‌وه‌ و رفێندراوانی ئێمه‌ رزگار بكرێن.

ئه‌و زیاتر گوتی: "به‌ سه‌ربڵندییه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی راسته‌وخۆی سه‌رۆك بارزانی، شنگال رزگار كرا، ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی كه‌ ماویشن، ئه‌وانیش رزگار ده‌كرێن."

سه‌یدۆ چه‌تۆ، نوێنه‌ری كوردی ئێزدی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا روونی كرده‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی گوتی ئه‌وانه‌ی بوونه‌ هۆی ئه‌و شتانه‌ی به‌سه‌ر كچ و ژنانی ئێزدیدا هات، ئێمه‌ وازیان لێ ناهێنین ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهانیش بن، هه‌تا تۆڵه‌ی خۆمانیان لێ نه‌كه‌ینه‌وه‌. ئێستا هه‌موو ئێزدی و جیهانیش دیتی، چۆن پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان تیرۆریستانی شكاند و رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ تیرۆریستانیش له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كوژران. هه‌ر كه‌سێ تاوان و ته‌عدای كردووه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بابه‌تی نامووسدا و رێخۆشكه‌ر و هاریكاری تیرۆریستان بووبێت بۆ رفاندنی كچ و ژنانی ئێزدی، هیچ مه‌جالی تێدا نییه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ به‌ سزای خۆیان ده‌گه‌ن.

سه‌یدۆ چه‌تۆ گوتیشی: "له‌ دوو ساڵی رابردوودا هێشتا حكوومه‌تی عیراق هیچی بۆ شنگال نه‌كردووه‌. ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌داین حكوومه‌تی عیراق هیچ ناكات، هه‌ر دژایه‌تیی ئێزدی ده‌كات له‌ شنگال. ئه‌وه‌ی بۆ شنگال كراوه‌، هه‌مووی به‌ پشتیوانی و هاریكاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ بابه‌تی جینۆساید و هاوكاری كردنی ئاواره‌كان ​و گه‌یاندنی خزمه‌تی هه‌مه‌جۆر بۆ ئاواره‌كان و كاركردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و كاركردن بۆ به‌ پارێزگا بوونی شنگال و چه‌ندین خزمه‌تی دیكه‌ی هه‌مه‌جۆر“.
ژێده‌ر:باسنيۆز

المشاركات الشائعة