هیچ كەسه‌ك ل سەر دۆسه‌يا كەفتنا شنگالێ نه‌هاتيه‌ سزادان

ئێزديخان نيوز:
دوو ساڵ بەسەر هێرشی داعشدا بۆ سەر قەزای شنگال تێدەپەڕێ‌، جگە لە گۆڕینی سێ‌ بەرپرسی ئەو قەزایە، هیچ كام لەو بەرپرسانە سزا نەدراون كە دەگوترێ‌ بەهۆی كەمتەرخەمیی ئەوانەوە، شنگال كەوتە دەستی داعش. قایمقامی شارۆچكەكە دەڵێت "دەبێ‌ كەمتەرخەمەكان دادگایی بكرێن".


خدر شەمۆ، نیشتەجێی قەزای شنگالە، خۆی و 12 كەس لە كەسوكاری كەوتبوونە دەستی چەكدارانی داعش، هەتا ئێستاش هاوژینەكەی و پێنج كچی لە دەستی ئەو چەكدارانەدا ماون. خدر دەڵێت "چاوی هەموومان لەسەر پارتییە كە ئەوانەی كەمتەرخەم بوون و بوونە هۆكاری ئەوەی ئەو هەموو كچ و ژنە بكەونە دەستی داعش، سزایان بدات". 


شەمۆ كە لەگەڵ سێ لە منداڵەكانی لە كەمپی شاریا نیشتەجێیە، دەشڵێت "برینی ئێمە ساڕێژ نابێت، هەتا كەمتەرخەمەكان سزا نەدرێن".


رۆژی سێی ئابی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر قەزای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی كوردی ئێزدی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش و ئەوانی دیكەش كە ژمارەیان نزیكەی 400 هەزار كەس دەبوو ئاوارەی چیای شنگال بوون و هەشت رۆژ لەو چیایە گیریان خوارد.


بەپێی ئامارەكان نزیكەی 5000 كوردی ئێزدی كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، كەوتوونەتە دەست چەكدارانی داعش، زۆربەی پیاوەكان كۆمەڵكوژكران، كچ و ژنی تەمەن مام ناوەند و منداڵیش لە بەساڵاچووەكان جیاكرانەوە و بردران بۆ مووسڵ و تەلەعفەر و رەققە و دێرەزوور و لەوێ‌ كڕین و فرۆشتیان پێكرا. 


مانگێك دوای كارەساتی شنگال، لەسەر فەرمانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر یەك لە بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال و بەرپرسی پێشمەرگەی زێرەڤانی لە شنگال بۆ ماوەی شەش مانگ لە پیرمام لە ژێر چاودێری دانران، بەڵام دواتر ئازادكران.


قاسم سمۆ كە دوای كارەساتی شنگال، وەكو بەڕێَوەبەری ئاسایشی شنگال دەستبەكار بوو، بە (رووداو)ی گوت "هەتا ئێستا تەنیا سێ بەرپرسی شنگال لە پۆستەكانیان لادراون، ئەوانیش بەرپرسی ئاسایشی شنگال، قایمقام و بەرپرسی لقی 17 پارتی بوون لە شنگال، جگە لەم گۆڕانكاریانە هیچ كەسێك لەسەر دۆسیەی كەوتنی شنگال سزا نەدراوە".


قاسم سمۆ كە كوردی ئێزدییە و خەڵكی گوندی كۆچۆیە، داوا دەكات پەلە بكرێ لە ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی ئازادكراون، ئەوانەشی بەرپرس بوون لە كەوتنی شنگال لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێ‌".


مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال كە لەسەروبەندی رزگاركردنی شنگالدا كرایە قایمقامی قەزاكە، بە (رووداو)ی گوت "نەك تەنیا من، بەڵكو هەموو خەڵكی شنگال داوای سزادانی كەمتەرخەمەكان دەكەن".


ساڵێك و چوار مانگە ناحیەی سنوونێ‌ و هەشت مانگیشە سەنتەری قەزای شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كراوەتەوە، تاوەكو ئێستاش 11 بەڕێوەبەری ئەو قەزایە گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان. قایمقامی شنگال دەڵێت "شەش بەڕێوەبەری قەزای شنگال هەتا ئێستا لەنێو داعشدان، دووی دیكەش هەتا ئێستا پەیوەندییان بە ئێمەوە نەكردووە، لەوانەش بەڕێوەبەری شارەوانی و  بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شنگال، لەبەر ئەوە بەنیازین ئەو دوو بەڕێوەبەرە و بەشێك لە بەڕێوەبەرەكانی دیكە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگۆڕین".
ژێده‌ر:رووداو

المشاركات الشائعة