به‌رهه‌ڤى بۆ ساخكرنا سالڤه‌گەرا جینۆسایدا شنگالێ دئێنه‌ كرن

باسنيوز:
به‌ڕێوەبه‌رى نووسینگه‌ى رزگاركردنى رفێنراوانى ئێزدى، سه‌ر به‌ نووسینگەی سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، رای دەگەیەنێ کە ئاماده‌كارییه‌كى زۆر له‌لایه‌ن داموده‌زگاكانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ چواره‌مین ساڵیادى كاره‌ساتى شه‌نگال کراوە، دەشلێ: هێشتا به‌غدا هیچ هاوكاریى ڕزگاركردنى ئێزیدییه‌ رفێنراوه‌كانی نەکردووە.

حوسێن قائیدى، به‌ (باس)ی راگەیاند: ”ئاماده‌كارىی باش له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ى كاره‌ساتى کە 3/8/2014 رووی دا، کراوە، له‌م رێکەوتە ناخۆشەدا لە شه‌نگال 6417 ئێزدى به‌دیل كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستى تیرۆرستانى داعش، هه‌تا ئێستا به‌ هاوكاریى نووسینگه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 3315 كچ و ژن و منداڵ له‌ژێر ده‌ستى تیرۆرستان ڕزگار كراون“.

گوتیشی: ”زۆر جار داواى هاوكاریمان له‌ به‌غدا و ده‌وڵه‌تانى جیهان كردووه‌ لەم پرۆسەیەدا هاوكارمان بن، به‌ڵام هیچ هاوكارییه‌كیان نەکردووین“.

قائیدى پێشتر ئاماژه‌ى پێ كردبوو، كه‌ نووسینگه‌ى ڕزگاركردنى رفێنراوانى ئێزدى له‌سه‌ر بڕیارى سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچیرڤان بارزانى، له‌ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2014 دامه‌زرا، ئامانجى سه‌ره‌كییان ڕزگاركردنى ئێزدییه‌كانى ژێرده‌ستى تیرۆریستانى داعشه‌، هه‌تا ئێستا 3315 ئێزدیی رفێنراویان ڕزگار كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌پێى نوێترین ئامارى كه‌ پێیان گه‌یشتووه‌، نزیكه‌ى 3000 ئێزدى له‌ژێر ده‌ستى داعشدا ماون.

مه‌حما خه‌لیل، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”تاوه‌كوو ئێستاش له‌لایه‌ن به‌غدا و وڵاتانى جیهان، هیچ ڕێزێك له‌ هه‌ستى قوربانییانى كاره‌ساتى شه‌نگال نه‌گیراوه‌، هه‌تا ئێستا 68 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌ و %90ى خه‌ڵكى شه‌نگال له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئاواره‌ن‌، ئێمه‌ چه‌ندین جار داوامان له‌ به‌غدا كردووە ئاوڕێك له‌ ئاواره‌كان و شه‌نگال بداته‌وه‌، به‌ڵام وا دیاره‌ به‌غدا به‌نیازى وه‌ڵامدانه‌وه‌ و هاوکاری نییه‌“.

قایمقامی شنگال ئاشكراشى كرد: ”له‌ سه‌ره‌تاى ئاواره‌بوونى ئێزدییه‌كانى شه‌نگال تاوه‌كوو ئێستا، هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ى كه‌ بۆ ئاواره‌كانى شه‌نگال پێشکەش دەکرێ، له‌لایه‌ن حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ هاوكاریكردن.

پێوەند بە هاەمان پرس، به‌ره‌كات شه‌مۆ، سه‌رۆكى كوتله‌ى برایه‌تى و پێكه‌وه‌ژیان له‌ پارێزگاى مووسڵ به‌ (باس)ى ڕاگه‌یاند: ”هه‌تا ئێستا به‌غدا قه‌ره‌بووى خانووه‌ وێرانكراوه‌كانى شه‌نگالى نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بووش بكرێته‌وه‌، خه‌ڵكى شه‌نگال تووشى كێشه‌ ده‌بن، چونكه‌ له‌ ساڵى 1975 حكوومه‌تى عێراق گونده‌كانى قه‌زاى شه‌نگالى وێران كرد، هاووڵاتییه‌كان له‌ 12 كۆمه‌ڵگه‌ى جیاوازدا نیشته‌جێ كران، پێشتر شه‌ڕیان كردبوو به‌ بیانوو بۆ ئه‌وه‌ى تاپۆكان نه‌خه‌نه‌ سه‌ر ناوى هاووڵاتییه‌كان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ شه‌نگال، چونكه‌ ناتوانن بیفرۆشنه‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌رزى خانووبەرەش نایانگرێتەوە“.

به‌رەكات گوتیشى: ”%85 شه‌نگال به ‌ده‌ستى تیرۆریستانى داعش وێران كراوه‌، ئێستاش هاوكاریى شه‌نگال ناكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتییه‌كانى به‌ئاسووده‌یى له‌ناویدا بژین“. 

تعليقات

المشاركات الشائعة