به‌غدا شنگال و ئێزدی پشتگوهـ خستينه
K24 - هه‌ولێر:
خودیدا داودی، راوێژكاری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئێزدییه‌كان ده‌ڵیت: "حكوومه‌تی عێراق دۆسێی ئێزدییه‌كانی پشتگووێخستووه‌و شاری شنگال به‌شێوه‌یه‌ك وێرانه بۆ ژیان نابێت".
داودی گوتوویه‌تی: "له چواره‌م ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی شنگال و داگیركردنی ناوچه‌كانی ئێزدییه‌كان له 3/8/2014، هێشتا ئاوڕ له شنگال و ناوچه‌كه نه‌دراوه‌ته‌وه‌و حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌رامبه‌ر رۆڵه‌كانی پێكهاته‌ی ئێزدی كه‌مته‌رخه‌مه و هیچ بایه‌خێك به ناوچه‌كان نادات".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هێشتا چاره‌نووسی سه‌دان ئێزدی نادیاره، هه‌ر چه‌نده سه‌رجه‌م خاكی عێراق له ده‌ست داعش‌یش سه‌ندراوه‌ته‌وه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه حكوومه‌تی عێراق هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان و خێزانه‌كانیان نه‌بووه كه چه‌كدارانی داعش كوشتن‌یان و بێسه‌روشوێنیان كردن و سه‌دان كه‌سیان رفاندن و هێشتا ئاستی پاڵپشتیكردنی خێزانه ئێزدییه‌كان زۆر لاوازه.
داودی گوتوویه‌تی: "شنگال شوێنی سه‌ره‌كی ئێزدییه‌كانه، به‌ڵام شاره‌كه به‌ته‌واوه‌تی وێران بووه و به‌كه‌ڵكی ژیان نایه‌ت و له رووی ئه‌منیشه‌وه سه‌قامگیر نییه. هێشتا خێزانه‌كان له خێوه‌تگه‌كاندا ده‌ژین، له كاتێكدا زیاتر له دوو ساڵیشه شاره‌كه و به‌شێكی زۆری ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری كۆنترۆڵكراونه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌هۆی ململانێكانه‌وه شاره‌كه سه‌قامگیر نییه و بووه‌ته شوێنێك بۆ چڕبوونه‌وه‌ی ململانێكان".
شاری شنگال له رۆژی 13/11/2015 له‌لایه‌ن ھێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ده‌ست چه‌كدارانی داعش كۆنترۆڵكرایه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 3/8/2014 چه‌كدارانی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه داگیریان كرد و چه‌ندین تاوانی كۆمه‌كوژی و كوشتن و رفاندن و تاڵانكردنی موڵك و ماڵی خه‌ڵكه‌كه‌یان ئه‌نجامدا و ئاواره‌ی سه‌ر چیای شنگال و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان كردن.
دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 هێزه سه‌ربازییه‌كانی عێراق و حه‌شدی شه‌عی گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌كه و تا ئێستاش وه‌ك پێویست ده‌ستی كۆمه‌ك و هاوكاریی بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه درێژ نه‌كراوه.
تعليقات