به‌لگێن پێتڤى بۆ ب جینۆساید ناساندنا كه‌يسا ئێزدیان هاتينه‌ كۆمكرن

وشه‌:
دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی ته‌واو بۆ به‌ جینۆساید ناساندنی ئێزیدییه‌كان كۆ كرایه‌وه‌، سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان كومه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كانی 100% به‌ جینۆساید دانا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م "ئه‌یاد كاكه‌یی" سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان و پارێزه‌ری خۆبه‌خش له‌ كه‌یسی ئێزیدییه‌كان به‌ "وشه‌"ی  راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا كاریان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی پێویست بۆ كومه‌ڵكوژی و كاره‌ساتی ئێزیدی  كردووه‌ تا به‌ جینۆساید بناسێنرێت.

ئه‌وه‌شی گوت، "له‌ سه‌رجه‌می 17 كه‌یسی جینۆسایدی گه‌لی كوردستان، ته‌نیا شه‌ش كه‌یس به‌ جێنوساید ناسێنراون، ئه‌وانی تر هه‌مووان وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه‌، دواین كاره‌ساتی كومه‌ڵكوژیش كه‌ دژ به‌‌ گه‌لی كوردستان كراوه‌، ‌ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان بووه‌،  وه‌ك پارێزه‌ری خۆبه‌خش به‌ هاوكاری برایانی ئێزدی و لایه‌نی پێوه‌ندیدار و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان، به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین به‌ڵگه‌ كۆ بكه‌ینه‌وه،‌ تا هه‌رچی زووه‌ كه‌یسی ئێزیدییه‌كان به‌ جینۆساید بناسێنرێت، چونكه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌كان هه‌موو مه‌رجێكی له‌ خۆی گرتووه‌ و 100% جینۆسایده‌".

"كه‌یسی ئێزیدییه‌كان به‌ پێی به‌ڵگه‌كان هه‌موو مه‌رجێكی له‌ خۆی گرتووه‌، %100 جینۆسایده‌"

زیاتر گوتی: "تا ئێسته‌ عێراق هیچ هاوكارییه‌كی بۆ به‌ جینۆساید ناساندنی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ئێزیدییه‌كان پێشان نه‌داوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش دژایه‌تییه‌كی زۆری به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ناسینه‌ی كردووه‌".

هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ زۆربه‌ی به‌ڵگه‌كان كۆ كراونه‌ته‌وه‌، به‌ره‌و دادگای نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌یان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، به‌ڵگه‌كانیش جگه‌ له‌ وێنه‌، ڤیدیۆ، تۆماری ده‌نگی و شایه‌تده‌ر، هه‌وڵ دراوه‌ گیراوه‌كان و سه‌ركرده‌كانی داعشیش به‌ هاوكاری هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كۆ بكه‌نه‌وه‌ تا به‌ زاری خۆیان باس له‌ كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ بكه‌ن".

له‌ رێكه‌وتی سێ ئابی ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش ده‌ستیان به‌سه‌ر شنگال و ناوچه‌ ئێزیدینشینه‌كان گرت كه‌  زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار كه‌سی كوشت و زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زاری تریش ڕفێنڕان، به‌ تایبه‌تی له‌ ناویاندا كچ، ژن و منداڵ زۆر بوون كه‌ دواتر كڕین و فرۆشتنیان پێ ده‌كرا، تا ئێسته‌ش سێ هه‌زار و 102 كه‌سی ئێزیدی به‌ تایبه‌ت كچ و ژن ڕزگار نه‌كراون.

تعليقات

المشاركات الشائعة