التخطي إلى المحتوى الرئيسي
بحث هذه المدونة الإلكترونية
حوسێن کۆرۆ: دئۆپەراسیۆنا مووسلێ دا ئێك کوردێ ئێزدی نههاتيه رزگاركرن
رووداو - هەولێر
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی ئاماژە بەوە دەدات نە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجەو نە لە موسڵ هیچ کەسێکی ئێزدی رزگار نەکراوە. گوتیشی: "تاوەکو ئێستا 2 هەزار 915 کەس رزگارکراون".
حوسێن کۆرۆ، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی هۆت لاین لە تەلەڤزیۆنی رووداو، سەبارەت بە ئامانجی کردنەوەی نووسینگەکەو چارەنووسی ئەو کچ و ژن و منداڵ و پیاوانەی تاوەکو ئێستا دیار نین، رایگەیاند: " ئامانجی کردنەوەی ئەو نووسینگەیە، رزگارکردنی کەسوکارەکانی ئێمەیە".
حوسێن کۆرۆ، دەڵێت: "لە مانگی 10ی 2014وە تاوەکو ئێستا2 هەزار و 915 کەس رزگارکراون، کە هەزار و 58یان کچ و ژنن".
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزیدی ئاماژە بەوە دەدات نە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجەو نە لە موسڵ هیچ کەسێکی ئێزدی رزگار نەکراوە و دەڵێت: "زانیاریمان هەبوو ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکارەکانمان لە فەللوجە هەن، داوامانکرد رێگە لەدەرچوونی تیرۆریستان بگیرێت، لە ئۆپەراسیۆنی موسڵیش داوامانکرد رێگای رۆژئاوای شاری موسڵ دابخرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش نەتوانن کەسوکاری ئێمە بەرەو سووریا و وڵاتی دیکە ببەن، بەڵام بەداخەوە ماوەیەکی زۆری بەسەرچوو بۆ چەند مانگێک ئەو رێگایە دانەخرا".
حوسێن کۆرۆ، دەشڵێت: "دوای رزگارکردنی لای چەپی موسڵ و بەشێکی لای راستی شارەکە، لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە یەک کەس رزگار نەکراوە، ئەگەر هەندێک کەسیش رزگارکرابن لەو ماوەیەدا، ئەوا دوای رزگارکردنی ناوچەکان ئەو خەڵکانە لەنێو ماڵەکاندابوونە خۆیان رادەستی هێزە عێراقییەکان کردووە، ئێمەش هێناومانەتەوەو رادەستی کەسوکارمان کردوونەتەوە".
حوسێن کۆرۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە "لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ، وەکو ئۆپەراسیۆن یەک کەسیش رزگار نەکراوە".
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کچ و ژنانی کوردی ئێزدی دەپرسێت "لای چەپی موسڵ بە تەواوەتی رزگار کراو و لای راستیش هیچی وای نەماوە، ئەی ئەو کەسوکارەی ئێمە لە کوێن؟ بۆ کوێ چوون؟ بۆ رزگار ناکرێن؟".
رۆژی19-2-2017، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بەری راستی موسڵی راگەیاند. دوای ئەوەی بەری چەپی ئەو شارە لەدەست چەکدارانی داعش کۆنترۆڵکرایەوە، تاوەکو ئێستاش چەندین گەڕەک و ناوچە و گوند کۆنترۆڵکراونەتەوە.
تعليقات