لژنا بلندا ناساندنا تاوانێن داعشێ دێ لگەل کۆنسلخانێن بیانى ل هەرێمێ کۆمبت

هەولێر-KDP.info-
  ئەندامێکی لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانەكانی داعش لە هەرێمی کوردستان دەڵێت،  لیژنەکەمان لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا هەوڵدەدات، تاوانەكانی داعش بناسێنێت و دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دروست بكات. حەفتەی دابێیش لەگەڵ هەموو نوێنەرایەتیی و کونسوڵخانە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا کۆدەبنەوە.

(كرمانج عوسمان)، پسپۆری تاوانە نێودەوڵەتییەكان و ڕاوێژكاری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی (داعش) بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی تاوانی زۆر گەورە بەرانبەر بە گەلی كورد، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە دروست كرد، کە ڕاستەوخۆ سەر بە (نیچیرڤان بارزانی)، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە. لیژنەكە پێك دیت لە نوێنەری ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، نوێنەرێكی ئێزدیان، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزیری شەهیدان، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، منیش وەك نوێنەری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ و نوێنەری وەزیری ناوخۆ.''

سەبارەت بە كارەكانی لیژنەكە، ئەو ئەندامەی لیژنە باڵاكە گوتی: ''ئەم لیژنەیە كار لەسەر بەدیكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش دەكات، لەوانە چاوپێكەوتن لەگەڵ قوربانیان و وەرگرتنی گوتە و  سكاڵاكانیان، كاركردن لەسەر ئەو بەڵگانەی دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكان لە چنگی تیرۆریستان بەدەست دێن، كاركردن لەسەر تاوانەكانی (داعش) و ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەمڕۆ لیژنەكەمان كۆبووەوە و سێشەممەی دابێیش پرێس كۆنفرانسێك ئەنجام دەدەین و دواین ئەنجامەكانی لیژنەكەمان دەخەینە ڕوو.''

(كرمانج عوسمان) ڕایگەیاند: "حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوای دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ تاوانەكانی داعش بكات، هاوشێوەی دادگای یوگوسلاڤیا و ڕواندا و دادگاکەی (ڕەفیق حەریری). داوای لە وەزارەتی داراییش كردووە، بوودجەی پێویست دابین بكات و لیژنەكە لە كارەكانی بەردەوام بێت.''

سەبارەت بە كارەكانی لیژنەكە ئاماژەیشی دا: ''حەفتەی دابێ كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ گشت نوێنەرایەتی و کونسووڵخانەی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە هەرێمدا دەكەین، بۆ ئەوەی هاویكاریی وڵاتان و ڕێكخراوە جیهانییەکان بەدەست بێنین. لەگەڵ هەرپێنج دەوڵەتی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی پڕۆژەبڕیارێك ئامادە بكرێت، لەسەر ئەم بابەتە و بەرزی بكەنەوە. هەروەها لەگەڵ (ئەمەل كۆلۆنی)، پارێزەری كەیسەكەی (نادیە موراد)ی كچە ئیزیدیی تاوانلێكراویش كۆ دەبینەوە. دووجاریش بە فەرمی داوامان لە بەغدا كردووە، بۆ دامەزراندنی ئەو دادگایە هاوكارمان بێت، بەڵام بەداخەوە، وەڵامیان نەبووە و بۆ جاری سێیەم و دواجار داوایان لێ دەكەینەوە. هەروەها لەگەڵ شارەزایانی جیهانیش كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی لەسەر چۆنییەتیی كاركردنی ئەو دادگایە باشترین زانیاریمان هەبێت.''

تعليقات

المشاركات الشائعة