شێخ شامۆ:کوردێن ئێزدی ب ئاڤه‌دانكرنا مەزارگه‌هێن خۆ به‌رسڤا نەیاران ددەن

دهۆک-KDP.info-  

سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، دەبێت نەیاران بزانن کە، کوردستان جێگای پێکەوەژیان و ئاشتەوایی تەواوی پێکهاتە کوردستانییەکانە و ئاوەدانکردنەوەی مەزارگەکانی ئێزدیانیش وەڵامێکە بۆ داعش و نەیارانی کوردانی ئێزدی و کوردستان.


رۆژی ٣ـی ئابی 2014، رۆژێكی تاڵ بوو بۆ ئێزدییەكان، چونکە لەو رۆژەدا تیرۆریستانی داعش، کتوپڕ شارۆچکەی شنگال و چەندین گوند و كۆمەڵگای دەوروبەریان داگیر كرد، بە هۆیەوە زیاتر لە 100 هەزار كوردی ئێزدی زێدی خۆیان جێهێشت و پەنایان بۆ چیای شنگال برد، هەزاران ژن و منداڵ و پیاویش نەیانتوانی خۆیان رزگار بكەن و كەوتنە دەست تیرۆریستانەوە. داعش لەو ماوەیەدا لە کوشتن و ڕفاندن و لەناوبرندنی نیشانگا و مەزارگای ئایینی ئیزدیان درێخی نەکرد، پاش زیاتر لە ساڵێک داگیرکاریی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستییش، ڕۆژی هەینی ١٣ - ١١ – ٢٠١٥، هێزی پیشمەرگەی کوردستان توانی شنگال و گوندەکانی دەوروبەری ئازاد بکاتەوە و داعش لەو دەڤەرە وەدەر بنێن.


ئەگەرچی هۆکار هەن لەوەی خەڵکی دەڤەرەکە لە پڕۆسەیەکی هێواشدا دەگەڕێنەوە، لە سەروویانەوە مەترسیی هەبوونی هێزێکی پەکەکە کە خەڵکی ناوچەکە وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ژیانی خۆیانی دەبینن، پاشماوەی جەنگ و مینەچیندراوەکانیش هۆکاری دیکەن، هەروەها خەمساردیی بەغدا لە دابیننەکردنی هیچ بڕەپارەیەک بۆ ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوە، بەڵام سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی رۆشنبیری وکۆمەڵایەتی لالش لە پارێزگای دهۆک و نوێنەری ئێزدییان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئێزدییەکان دەستیان کردووە بە ئاوادانکردنەوەی مەزارگاکانیان و جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.


وەک (شێخ شامۆ) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئاوادانکردنەوەی مەزارگاکانی ئێزدیان وەڵامێکە بۆ داعش و نەیارانی ئێزدی و کوردستانی، گوتیشی "دەمانەوێت بزانن کوردستان جێگایی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی تەواوی پێکهاتە کوردستانیەکانە."


نوێنەری ئێزدیان لە پەرلەمانی کوردستان هەروەها دەڵی، "کوردستان جێگای ئێزدیانە و ئیزدی هەرگیز دەستبەرداری کوردبوون و بیروباوەڕی خۆیان نابن."
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی (شێخ شامۆ) خستیە ڕوو، رێکخراوە تیرۆریستەکەی داعش، لە ماوەی ئەو داگیرکارییەدا ٦٤ نیشانگا و مەزارگای ئێزدیانی تەقاندووەتەوە، کە دەکەونە سنووری شنگال و کۆمەڵگەی بابیرێ و باشیک و بەحزان، ئێستایش ئەوانەی رزگار کراون ئاوادانکردن و نۆژەن دەکرێنەوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة