دیندار زێباری:هێزا کریستیان و ئێزدیان رۆله‌كێ باش د ئازادکرنا ده‌ڤه‌رێن خۆ دا هه‌بوو

هەولێر-KDP.info- 
 (دیندار زێباری)، تۆمەتەکانی هەردوو ڕاپۆرتەکەی  تۆڕە هەواڵییە ئەمەریکایییەکانی (فۆکس نیوز و ئینڤێستیگەیت پرۆجێکت) ڕەت دەکاتەوە و دەڵێ، هێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەکات و ڕۆڵێکی گرینگیان لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیاندا هەبووە.

هەردوو تۆڕی هەواڵی ئەمریکایی (فۆکس نیوز و ئینڤێستیگەیت پرۆجێکت) دوو ڕاپۆرتیان دەربارەی ناوچە تازەئازادکراوەکانی بندەستی داعش بڵاوکردووەتەوە،  لەژێر ناونیشانی (حکوومەتی هەرێم ڕێگری لە گەڕانەوەی کریستیان و ئێزیدییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان دەکات)، لەو دوو ڕاپۆرتەدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە میلیشیا وەسف کراوە و، حکوومەتی هەرێم بە دانەری بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی هاووڵاتییە ئێزیدی و کریستیانەکان بۆ ناوچە تازە ئازادکراوەکان و هێنانوبردنی کەلوپەل بۆ ئەو ناوچانە تۆمەتبار کراوە. سەبارەت بەم دوو ڕاپۆرتە، (د. دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئابووریی سەخت و دژواردا تێپەڕ دەبێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات، بەپێی توانا پێداویستیی ئەو ئاوارانەی دابین بکات، کە لە پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییە جیاجیاکانن و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. بەتایبەتی لە پارێزگای نەینەوا، کە بەشی هەرەزۆریان لە کریستیان و ئێزیدی پێکهاتوون.  هەر لەم ڕووەوە  ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان  کوردستان بە پەناگەی ئارامی ئاوارە و پەنابەران وەسف دەکەن و، ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمیان کردووە، کە لەڕێی دامودەزگا فەرمییەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی هەرێمەوە، لەوانە دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانیویەتی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ڕاگوێزراوان بکات و، بە باشترین شێوە کەمپەکان بەڕێوەبەرێت، کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەمپ دەبێت. هەروەها دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئازادکردنی موسڵ بە هەزاران بریندار و نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە هەولێر و دهۆک چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و،  ئۆفیسی ڕێکخەری کاروباری نەتەوەیەکگرتووەکان (OCHA) لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەم لایەنە کردووە و، ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمیان لەو پێوەندییەدا کردووە.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان زێباری گوتی: بەپێی زانیارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەشێکی هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان لەم بارەیەوە لە هەماهەنگیدان، بەڵام لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی هەرناوچەیەکدا داعش سیاسەتێکی تێکدەرانە بەڕێوەدەبات و ئەو ناوچانە مینڕێژ دەکات، کە دەستیان بەسەردا دەگرێت و، گەلێک بۆمب و تەقەمەنیی پێشکەوتوویان بۆ تەقاندنەوە و وێرانکردنی خانوو بەکارهێناوە، کە زۆربەیان دروستکراوی خۆیانن. هەروەها بۆ ماوەیەک ئەو ناوچەیە گۆڕەپانی شەڕێکی قورس و  بۆردومانی بەردەوام بووە، بەمەش وێرانی و کاولکارییەکی زۆر هاتووەتە ئارا و ڕێگر بووە لە گەڕانەوەی دانیشتووانی ناوچەکە. هۆکارێکی دیکەی نەگەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ جێگاکانی خۆیان، پێوەندیی بە بارودۆخی ئاسایش و تەندروستییەوە هەیە و، ئێستا ئەستەمە ئەو خزمەتگوزارییە پێویستیانە بە ناوچە تازەئازادکراوەکان بگات. جگە لەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکە تا ئێستاش بەو بۆمب و تەقەمەنیانە مینڕێژ کراوە، کە داعش لەدوای خۆی دایناوە و سەرەڕای هەوڵەکانی دەزگای گشتیی مین و تیمەکانی ئەندازیاری بۆ پاککردنەوە، بە هۆی زۆریی ژمارەی مینەکان مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان ماوە.

(دیندار زێباری) ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەم هۆکارانە گەڕانەوەی خەڵکەکەیان ئەستەم کردووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هیچ بڕیارێک لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، سەبارەت بە ڕێگرتن لە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی کریستیان و ئێزیدی بۆ سەر زێدی خۆیان لە ئارادا نییە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لەو هاووڵاتیانەی ڕوویان لە وڵاتی سووریا کردبوو، یان لە موسڵ مابوونەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و، تا ئێستا زیاتر لە (2000) خێزان لە موسڵ یان لە وڵاتی سووریاوە هاتوون و، له سالی 2016دا لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون. بەشێکیشیان چوون بۆ پارێزگای دهۆک و هەولێر و سلێمانی و لەوێ نیشتەجێ بوونە.
(زێباری) ئاماژەی بەوە کرد، کە کریستیان و ئێزدییەکان هیچ میلیشیایەکی چەکداریان نییە، بەڵکو هێزی فەرمییان هەیە، لەسەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لەم بارەیەوە گوتی: زۆربەی ئەو ناوچانەی کە کریستیان و ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێ کراون، دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات، گشت مافەکانیان دەستەبەر بکات و بۆ ئەم مەبەستە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان دەڵێ: ئۆتۆنۆمی بۆ مەسیحییەکان و تورکمان و پێکهاتە نەتەوەیییەکانی تر هەیە. هەروەها لە ساڵی 2014 و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان بە فەرمانێکی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێزێکی تایبەت بە کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە، کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکهاتوون، کە وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتییان دەکات و ڕاهێنان و چەک و پێداویستیی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات. ئەم هێزانە لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیاندا هەبووە، بەتایبەتی لە شەڕەکانی ڕۆژئاوای شاری موسڵ و باشیک و سنووری شنگال و ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدی و کریستیانەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی پێوەندی بە هێزەکانەوە بکەن، بەڵام تۆمارکردنی ناوەکانیان بەهۆی قەیرانی داراییی حکوومەتی هەرێمەوە وەستاوە.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕێگرتن لە هێنانوبردنی کەلوپەلی جۆراوجۆر بۆ ناوچە تازەئازادکراوەکان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێ لە هێنانوبردنی کەلوپەل بۆ ئەو ناوچانە ناگرێت، بەڵکو لەم ڕووەوە و بۆ ئەو مەبەستە ڕێوشوێنی تایبەتی داناوە و ڕێ نادات ئەو ماددانەی کە دوولایەنە بەکاردەهێنرێن، ببرێن بۆ ناوچە تازەئازادکراوەکان، وەک: پەیینی کیمیاوی و یۆریا، چونکە تیرۆریستان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن. خەڵکی ناوچەکان دەتوانن بچنەوە ناوچەکانی خۆیان و هاتوچۆ بکەن، هاوکات گشت دامودەزگاکانی حکوومەت و ڕێکخراو و لایەنە مرۆیییەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و خزمەتگوزارییە پێویستەکان دەتوانن بچنە ناوچەکە. بەڵام وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ هێنانی کەلوپەلی بیناکردن و مەڕ و ماڵات، دەکەوێتە سەر داواکاری و پێداویستیی ناوچەکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، (د. دیندار زێباری)، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان ڕێیان لە ئێزیدی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە نەگرتووە، کە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام لە هەندێک شوێن، ڕێوشوێنی تایبەت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئاسایشی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر. حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بەپێی توانا درێغیی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەکان نەکردووە و، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە بەیاننامە و لێدوانەکانیاندا ئاماژەیان بەم کارانەی حکوومەت کردووە و ستایشی ئەم هەوڵانەیان کردووە.

تعليقات