ئاوێنە: ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری ئێزیدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (سێشەممە) لە راگەیەنراوێكدا داوای كرد رێگە لەو چەكدارانەی داعش بگیرێت كە بە فڕێندراوە ئێزیدییەكانەوە لەرێگەی توركیاوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا هەڵدێن.
لە راگەیەنراوەكەی ئەو پەرلەمانتارەدا هاتوە كە پاش ئەوەی رێگەكانی بەردەم چەكدارانی داعش لە عێراق و سوریا بەرتەسككرانەوە و بە توندی گەمارۆ دران، دەستیان كردوە بە هەڵهاتن بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی توركیاوە بەهۆی بەڵگەنامەی ساختە و زۆر تۆكمەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێشتر دەستیان گرتبو بەسەر دەزگای چاپ و دەركردنی بەڵگەنامە و مۆردا.
ڤیان دەخیل ئاشكرایكردوە كە زۆربەی ئەو تیرۆریستانە كچان و ژنان و منداڵانی ئێزیدی فڕێندراو لەگەڵ خۆیاندا دەبەن كە زۆربەیان هەڵگری بەڵگەنامەی ساختەن.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت “لێرەوە داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم، لەرێگەی باڵیۆزخانەی عێراقیەوە لە ئەنكەرە یاخود نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمەوە كاربكەن بۆ دۆزینەوەی هەمو ئەوانەی بەڵگەنامەی ساختەی عێراقییان پێیە و رێگری لەو تیرۆریستانە بكرێت لە هەڵهاتنیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا كە فڕیندراوە ئێزیدییەكانیان لەگەڵدایە، چونكە گەر پەڕینەوە بۆ ئەوروپا بۆ هەمیشە لەدەستیان دەدەین”.
هەروەك لە كۆتاییشدا داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی دەكات بەدوای ئەو كارەدا بچن و پەیوەندی لەگەڵ لایەنی توركی بگرن بەمەبەستی رێگریكردن لەو تیرۆریستانە و رزگاركردنی ئەو هاوڵاتییە ئێزیدیانەی دەكرێت رزگاربكرێن و هەروەك دەستگیركردنی ئەو تیرۆریستانەشی داواكردوە كە دەیانەوێت لەدەست دادپەروەری هەڵبێن.
تعليقات