التخطي إلى المحتوى الرئيسي
بحث هذه المدونة الإلكترونية
كورێ بابەشێخ دهربارەی سەرهدانا ئيرانێ رۆنكرنەك بهلاڤكر
رووداو- هەولێر
كوڕی بابەشێخ، سەرۆكی جڤاتی رووحانی ئێزدی روونكردنەوەیەك لەسەر سەردانی شاندێكی كوردانی ئێزدی بۆ ئێران بڵاودەكاتەوە و سەردانەكە بە هەڵە دادەنێت.
سەمیر بابەشێخ، كوڕی سەرۆكی جڤاتی رووحانی ئێزدی لە روونكردنەوەیەكدا كە بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) نێردراوە، ئاماژە بەوە دەكات، پێشتر شاندێكی كوردانی ئێزدی لە بەغداوە داوایان لێكردووە بۆ كاری مرۆیی، خستنەڕووی ئازار و دۆزی كوردانی ئێزدی و زانیاریدان لەبارەی بیروباوەڕیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، یاوەری ئەو شاندە بكات.
سەمیر بابەشێخ ئاماژە بەوە دەكات، "زۆر پرسیار و دڵئێشان" لەنێو كوردانی ئێزدی لەبارەی بەشداری ئەو لە شاندەکە روویداوە و دەڵێ "بۆ كارێكی تایبەت بەخۆم لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە بەغدا بووم، گرووپێك كە لە چەندین كەسایەتی ئێزدی پێكهاتبوون لەسەر سەفەر بوون بۆ ئێران و داوایان لێكردم بەشداری ئەو شاندە بكەم، چونكە من كوڕی بابەشێخم و زۆر هیوایان خواست كە لەگەڵیان بچم، سەرەڕای ئەوەی كە من زیاتر گرنگی بە كاری كۆمەڵایەتی و ئیشی رۆژانەی ئێزدییەكان دەدەم".
كوڕی بابەشێخ لە روونكردنەوەكەدا دەڵێت "دان بەوەدا دەنێم كە پەلە و هەڵەم كرد، لە بەر دوو هۆكار: یەکەم، چونكە ئێزدییەکان پێكهاتەی شاندەكەیان بە نوێنەری خۆیان نەدەزانی. دووەم، نە لە حكومەتی كوردستان و جڤاتی رووحانی و تەنانەت لە بابە شێخەوە مۆڵەتم وەرنەگرتبوو".
سەمیر بابەشێخ جەخت لەسەر ئەو دەكاتەوە، هیچ كات ناپاكییان لە نیشتمانی خۆیان نەكردووە و چیدیكە هەندێك كەسی ئەو شاندە بەشداری ئەوان بەكارنەهێنن بۆ زیانگەیاندن لە كوردستان و مەرامی تایبەت و دەڵێت "هیچ كاتێك قبوڵ ناكەین زیان بە پەیوەندییەكانی ماڵباتی ئێمە و سەرۆكی كوردستان بگەیێندرێت، هەروەها قبوڵ ناكەین كارێك بكرێ كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكەوێتە مەترسی و هەر كارێك زیان بگەیێنێتە ماڵباتی ئێمە، لەنێو كوردایەتی هێڵی سوورە".
لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا كوڕی بابەشێخ باسی پەیوەندی مێژوویی ماڵباتی خۆیان و مستەفا بارزانی و سەردانی هەر یەك لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ ماڵی ئەوان دەكات و دەڵێت "بە شانازییەوە ماڵباتی ئێمە سازشیان لەسەر كوردایەتی نەكردووە".
لە كۆتایی مانگی یەكی ئەمساڵ شاندێكی كوردانی ئێزدی، كە پێكهاتوون لە سەعید چیچۆ، كە بە پلەی سكرتێر لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دامەزراوە، لەگەڵ سەمیر بابە شێخ، كوڕی بابەشێخ و حەسەن سەعید، بەرپرسی سەربازی لە شنگال و موراد كالۆ، سیاسی كە لە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە نزیكن سەردانی تارانیان کرد و لەگەڵ عەلی ئەكبەر، ویلایەتی راوێژكاری عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە.
ئەوکات شێخ زیدۆ باعەدری، كەسایەتی كوردی ئێزدی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو "ئەو شاندە نوێنەرایەتی كوردانی ئێزدی ناكەن، بەڵكو بە مەبەستی دەستێوەدران و دروستكردنی ناسەقامگیری ئەو جمۆجۆڵانانە دەكەن".
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "سەردانی ئەو شاندە بەبێ ئاگاداری و هاوئاهەنگی ئێمە بووە، بۆیە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان و تەنانەت ناوچە كوردستانییەكانیش ناكات".
تعليقات