فرۆکخانەیەکا نێڤ دەولەتی دێ ل شنگالێ ئێته‌ دروستكرن

باسنيۆز:
قایمقامی شنگال بۆ (باس)ی ئاشکرا کرد کە بڕیار دراوە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی لە شنگال دروست بکرێت.
 
مەحما خەلیل قایمقامی قەزای شنگال روونی کردەوە، فڕۆکەخانەیەک باکووری شنگال نزیکی چیای شنگال دروست دەکرێت، دەشتێکی فراوان و تەخت لە باکووری شنگال ھەیە کە باشترین جێیە بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانە، ئەوێ بۆ پرۆژەکە دەستنیشان کراوە.
 
قایمقامی قەزای شنگال بۆ (باس)ی ئاشکرا کرد: "ئەندازیارانی شنگال راسپێردراون بۆ کارکردن بۆ دانانی دیزاین و نەخشەی فڕۆکەخانەیەک لە شنگال، ئێستا ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی دەسپێکدایە، ئەگەر فڕۆکەخانە لە شنگال ھەبێت، ئەوا ھیچ کاتێک دەڤەری شنگال رووبەڕووی کارەسات نابێتەوە. لە کاتی کارەساتەکەی شنگال لە ٣/٨/٢٠١٤دا، ئەگەر فڕۆکەخانە لە شنگال ھەبایە، ئەوا ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی نەدەگیران و نەدەکوژران و نەدەڕفێندران و بێ سەروشوێن نەدەکران، لەبەر ئەوە لێرە بەدواوە یەکێک لە پێشینەکانی کاری ئیدارەی شنگال کارکردن دەبێت لە سەر بەجێگەیاندنی بڕیاری دروستکردنی فڕۆکەخانە لە شنگال."
 
مەحما خەلیل ھەروەھا روونی کردەوە، ئێمە دیزاین و نەخشەی فڕۆکەخانەی شنگال دەگەیەنینە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەموو دەوڵەتانی جیھان. ئێمەش لەسەر دروستکردنی فڕۆکەخانەکە رژد دەبین. سەرەتا پلانی دروستکردنی فڕۆکەخانە لە شنگال بەر لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، لەگەڵ ھەموو لایەنێک گفتوگۆ دەکەین کە رازی بوون لەسەر دروستکردنی فڕۆکەخانەی شنگال.
 
مەحما خەلیل گوتیشی: "خاکی شنگال زۆر دەوڵەمەندە، ئەگەر فڕۆکەخانە لە دەڤەرەکە دروست بکرێت، ئەوا دەبێتە دەروازەیەکی بەھێز بۆ خۆشکردنی ژیانی خەڵکی شنگال لە ھەموو بوارێکدا، چونکە خاکی شنگال لە رووی کشتوکاڵ و سامانی سروشتییەوە زۆر دەوڵەمەندە، لەڕێی فڕۆکەخانەی شنگالەوە کۆمپانیای بیانی دەتوانن زۆر پرۆژەی ستراتیژی لە شنگال دروست بکەن، فڕۆکەخانەکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال، ھەروەھا دەبێتە مایەی ئەوەی جارێکی دی شنگال رووبەڕووی کارەسات نەبێتەوە، چونکە ھەموو دەوڵەتان بایەخ بە شنگال دەدەن."
 
قایمقامی قەزای شنگال زیاتر روونی دەکاتەوە، راستە گوژمە پارەیەکی زۆر بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانە پێویستە، لێ ئێمە ئامادەین ھەموو پشتیوانییەک لە دروستکردنی فڕۆکەخانە بکەین، بەرلەوەی ھەر پرۆژەیەکی ستراتیژی لە شنگال دروست بکرێت ئێمە کار دەکەین کە پشتیوانی لە دروستکردنی فڕۆکەخانە لە شنگال بکرێت.
 
ئێمە بە ھیچ شێوەیەک دەست لە پرۆژەی دروستکردنی فڕۆکەخانە ھەڵناگرین، بە ھەموو ھەوڵ و توانایەکی خۆمانەوە کار بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانە دەکەین، پاش ئەوەی نەخشە و دیزاینەکەی دادەندرێت، ئێمە ئەو نەخشە و دیزاینە دەگەیەنینە ھەموو جیھان.
 
مەحما خەلیل ھەروەھا گوتی: "ئەگەر فڕۆکەخانە دروست نەکرێت، ئەوا بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی شنگال زۆر درێژە دەکێشێت، تەنیا بە دروستکردنی فڕۆکەخانە ئەوا لە ماوەیەکی کورتدا ژێرخانی ئابووری لە شنگال بەھێز دەبێت، ژیان و گوزەرانی خەڵکیش خۆش دەبێت، دەرگای کارکردن بەرەو رووی ھەزاران گەنجی بێکاری شنگالدا دەکرێتەوە و کۆمپانیای بیانی روو لە دەڤەرەکە دەکەن و پرۆژەی ستراتیژیی بەدوادا دێت، کە ئەمانە داھاتی باش بۆ شنگال و خەڵکەکەی ​دەستەبەر دەکات."

تعليقات

المشاركات الشائعة