ل قەرەقوش 7 ژۆرێن دەستدرێژیکرنا سەر کچێن ئێزدی ئاشکه‌را دبن

باسنيۆز:
سەرۆکی دەزگای ئێزدیان بۆ (باس)ی روون کردەوە، لە شارۆچکەی قەرەقوش ناوەندی قەزای حەمدانییە لە ٧ ژووری تایبەتدا پاشماوەی جلوبەرگی کچانی ئێزدی ھەن، لەو ژوورە تایبەتانەدا تیرۆریستانی داعش دەستدرێژی و زۆردارییان بەرانبەر بە کچانی کوردی ئێزدی کردووە، داوا دەکەین ئەو جێیە وەک بەڵگەنامەی جینۆساید بپارێزرێت.
 
حەسۆ ھۆرمی سەرۆکی دەزگای ئێزدیان لە  ھۆڵەندا لەگەڵ شاندێکی تایبەتی نێودەوڵەتیی جینۆساید سەردانی ئەو ژوورە تایبەتانەیان کردووە و بۆ (باس)ی روون کردەوە: "دیمەنی جلوبەرگی کچانی کوردی ئێزدی لەنێو ژوورە تایبەتەکاندا لە دەڤەری قەرەقوش ویژدانی مرۆڤایەتی دەھەژێنێ، بە گوێرەی قسەی فەرماندەکانی سوپای عیراقیش، لە دەڤەری قەرەقوش لەنێو ٧ ژووری تایبەتدا چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش زۆردارییان دەرھەق بە کچانی ئێزدی کردووە، لەو ژوورانەدا جلوبەرگی کچانی ئێزدی ھەیە."
 
ئەو روونیشی کردەوە، کە شاندێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆساید سەردانی ئەو ژوورە تایبەتانەی کردووە لە دەڤەری قەرەقوش، بۆ دیکۆمێنتکردنی جلوبەرگی کچانی ئێزدی و ئەو کەرەستانەی لەنێو ئەو ژوورە تایبەتانەدان، کە بە تەنیشت کڵیسەیەکەوەیە لە شارۆچکەی قەرەقوش، ئێمە داوا دەکەین ئەو شوێنە بپارێزرێ تا ھەموو رواڵەت و نیشانەکانی جینۆساید بە دیکۆمێنت بکرێن.
 
حەسۆ ھورمی ئاشکرای کرد، لەنێو ژوورەکانی تایبەتی بەندکردنی ژن و کچانی ئێزدیدا جلوبەرگ و شوێنەواری کچانی ئێزدی دیارن، واش دیارە کە تیرۆریستان ئەو ژن و کچانەیان لەگەڵیان خۆیان بردووە و بەسەر چەکدارانی خۆیاندا دابەشیان کردوون بۆ کاری خراپ و دوور لە رەوشتی مرۆڤایەتی، چونکە لەو ژوورە تایبەتانەدا ھەموو شتێک دەبیندرا.
 
لە کارەساتی شنگال کە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ قەوما، پتر لە ٧ ھەزار کچ و ژن و منداڵی کوردی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندران، تا ئەو کاتەی بە ھاوکاریی نووسینگەی کاروباری ئێزدی پتر لە ٢٥٠٠ رفێندراو رزگار بوون، ھەتا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە کچ و ژن و منداڵانی کوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆریستانی داعشدا ماون.
 
دەرمان خەتاری بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروباری رفێندراوان لە پارێزگای دھۆک بە (باس)ی راگەیاند، تیرۆریستانی داعش زوڵم و زۆرێکی گەورەیان لە کچ و ژنان کردووە، مخابن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی نەھاویش​تووە، بە پشتیوانیی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستا پتر لە ٢٨٠٠ کچ و ژن و منداڵی رفێندراو رزگار کراون.
 
دەرمان خەتاری ھەروەھا گوتی: ئێمە داوا دەکەین لە لایەن دەوڵەتانی بیانییەوە، بە شێوەیەکی باشتر کار لە سەر دۆسێی جینۆساید بکرێت و گوشار بخرێتە سەر بەغدا بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری و ئاسانکاری، چونکە زوڵم و زۆردارییەکی گەورە لە کوردی ئێزدی کراوە.

تعليقات

المشاركات الشائعة