نوێنەری كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند، كوردانی ئێزدی لەبەر دوو ھۆكار جینۆساید كران، یەكەم لەبەر ئەوەی كورد بوون و شوێنەكەیان كوردستان بوو، دووەمیش لەبەر ئەوەی باوەڕ و ئایینیان لەگەڵ ئەو گرووپە جیاواز بوو كە ئەو تاوانەیان لەدژیان ئەنجام دا.
شێرزاد عومەر مامسانی، نوێنەری کوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بۆ (باسنیوز) گوتی: "ئەو گرووپ و نەتەوانەی كە ھیچ شارستانییەتێكیان نەبووە، بەردەوام ویستوویانە لەسەر شارستانییەتی گەلانی ڕەسەنی ناوچەكە كە كوردن بە ھەموو ئایینەكانییەوە، بناغەی خۆیان دابڕێژن، بۆیە ئەمجارە كوردانی ئێزدییان كردە ئامانج".
شێرزاد عومەر گوتیشی، "شەش ملیۆن جوو، تەنیا لەبەر ئەوەی جوو بوون لەسەر دەستی نازییەكان جینۆساید كران، ئێمە ھەست بە ئازاری ئێزدییەكان دەكەین، چونكە خاوەنی كارەساتی فەرھوودین لە عێراق و خاوەنی جینۆسایدی هۆلۆکۆستین لە جیھاندا، بۆیە وەكوو جوو بەگشتی ھەمیشە پاڵپشتی نەتەوە زوڵم لێكراوەكانین، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی جینۆساید دەكرێن."
شێرزاد عومەر بۆ (باسنیوز)، باسی لەوەش كرد "كە ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەكگرتووەكان كاتەكەی درەنگە و پێی وایە، دەبوا ئەو رێكخراوە زووتر دركی بەوە كردبا كە ڕێژیمە دیكتاتۆرەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست چ ئەوانەی بە ناوی ئایین و چ ئەوانەش بە ناوی نەتەوەوە حوكم دەكەن، كامیان زاڵمن و كامیان زوڵم لێكراو."
بەگوتەی نوێنەری جووكان لە وەزارەتی ئەوقاف، نابێ چیتر نەتەوە یەكگرتووەكان بەناوی مافی مرۆڤ ھاوكاری گرووپێكی تیرۆریست، یان دەوڵەتێكی تیرۆریست بكات و داڵدەیان بدات."
نوێنەری كوردانی جوو لە وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو كارەساتانەی بەسەر جووەكان ھاتووە گوتی: "یەكەم كارەساتی جینۆسایدی نەتەوەكان لە ساڵی 1950 بە ناوی ئەلفەرھوود لە عێراق لەسەر جووەكان تاقی كرایەوە، كاتیك مووفتی ئەمین حوسێنی (مووفتی قودس) لەگەڵ نازییەكان پێكھات و فەتوای كوشتی جووەكانی حەڵاڵ كرد، ھەر بۆیە جگە لەوەی زیاتر لە 115 جوو كوژرا، ماڵ و موڵكەكانیشیان تاڵان كران".