رووفاتێن 104 ئێزديان گەهشتنە شنگال
رووفاتێن 104 ئێزديان گەهشتنە شنگال
رووداو دیجیتاڵ:بڕیارە رۆژی شەممە کاژێر 09:00 لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا رووفاتی ئەو 104 کوردە ئێزدییە بەخاکبسپێردرێن کە دوێنێ لە رێورەسمێکدا لە بەغداوە بەرەو گوندی کۆچۆی شنگال بەڕێکران.
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا هەریەک لە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرایەتیی وڵاتان، رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکانی تایبەتمەند بە جینۆساید و کەسوکاری قوربانیانی شەڕی داعش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکانی گوندی کۆچۆ ئامادە دەبن.
لە بەشێکی دیکەی ئامادەکارییەکان کۆمەڵێک سەربازی سوپای عێراق ئەمڕۆ راهێنان دەکەن بۆ پێشوازیکردن و بەخاکسپاردنی رووفاتەکان. ئەو شوێنەی کە دابینکراوە بۆ ئەوەی رووفاتەکانی تێدا بەخاکبسپێردرێن پێش ساڵی 2014 شوێنی ئاهەنگگێڕان بووە، بەڵام ئێستا کراوەتە گۆڕستان و
517 گۆڕ بۆ رووفاتەکان ئامادەکراون.
کەسوکاری قوربانیان زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینی بۆماوەیی رووفاتەکانن، ئەلیاس ساڵح، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێت: ناوی هەموو قوربانییەکانمان لەسەر گۆڕەکان نووسیوە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ کە ناوەکان خوێندرانەوە گۆڕەکانیان دیار بێت.
لایەنە ئەمنییەکانی شنگال ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو، تاڵب نایف جاسۆ، فەرماندە لە حەشدی شەعبی لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: هێزی "شەهیدانی کۆچۆ" بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شنگال لایەنی ئاسایشی نێوخۆی رێوڕەسمەکە دەپارێزن، و سوپای عێراقیش ئاسایشی دەرەکی رێوڕەسمەکە دەپارێزن.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ رێوڕەسمی بەڕێکردنی 104 رووفاتی کوردانی ئێزدیی گوندی کۆچۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکایەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو. رووفاتەکان دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی سەربازیی گەیارە لە موسڵ، پاشان دەگوازرێنەوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆئەوەی رۆژی شەممە 6ی شووباتی 2021 لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە گوندی کۆچۆی شنگال بە خاک بسپێردرێن".
دوێنی لە رێوڕەسمی گەڕانەوەی رووفاتەکاندا هەریەکە لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی پەرلەمان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسان و سەرۆكی نێردە دیپلۆماتییەكان لە عێراق و ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیان ئامادە بوون کە لە مۆنیۆمێنتی شەهیدان لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە رۆژانی 15 تاوەکو 19ی ئاداری 2019 بە هاوئاهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و رێکخراوی یونیتات، یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدرایەوە.
تاوەکو ئێستا لە کۆی 73 گۆڕی بەکۆمەڵ، 348 رووفات له 17 گۆڕ دەرهێندراون، لە یەکەم قۆناخدا 235 رووفات و لە قۆناخی دووەمیش 113 رووفات دەرهێندران و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کران. هەروەها دوایین رووفات له تشرینی یهكهمی 2020 و له گۆڕه بهكۆمهڵهكانی سێ ناوچهی چیای شنگال دهرهێندران.
بەرەڤان حەمدی ئاماژەی بەوەش کرد "پشکنینی ناسینەوەی رووفاتەکان بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 104 رووفاتیان ناسراونەتەوە. پرۆسەی دۆزینەوە، هەڵدانەوە و پشکنینی ناسینەوە و رێورەسمی ناشتنیان بەردەوام دەبێت. لە چوارچێوەی تیمی نیشتمانیی عێراقی بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە عێراق، کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تێیدا ئەندامە، کارەکان بەڕێوەدەچن".
كۆجۆ یەكێكە لە گوندەكانی سنووری شنگال، 23 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شارەکەوە دوورە. لە 03-08-2014دا و لەکاتی هێرشی داعش بۆسەر باشووری کوردستان، بەشێکی زۆری گوندنشینانی كۆجۆ لەلایەن چەکدارەکانی ئەو رێکخراوەوە کۆمەڵکوژ کران. لە هێرشەکەی داعشدا نزیکەی 520 پیاو و 510 ژنی کوشت و بێسەروشوێن کرد.
تعليقات