ھێزا پاراستنا ئێزديخانێ دچتە سەر ھێزا پێشمەرگەيێ کوردستانێ

 باسنيۆز:

قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی شنگال سەر بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ھەواڵی ھاتنی (ھێزی پاراستنی ئێزدخانێ) کە بە فەرماندەیی حەیدەر شەشۆ لە سەروبەندی کارەساتی شنگالدا پێکھاتبوو، بۆ نێو ریزی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، پشتڕاست دەکاتەوە.

قاشم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی شنگال سەر بە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: ”سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر داخوازیی ھێزی پاراستنی ئێزدخانێ کردووە، کە بێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان و دەبێتە ھێزێک بۆ پاراستنی ھەموو خاکی کوردستان، ھێشتا کاروباری ھاتنیان بۆ سەر وەزارەت تەواو نەبووە، بەڵام بەم نزیکانە ھەموو شتێک لەو بارەیەوە تەواو دەبێت“.

قاسم شەشۆ ئاشکرای کرد، جارێ دوو ھەزار کەس لەوانەی لەنێو ھێزی پاراستنی ئێزدخانێدان ھەموو دەبنە پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام ناوی ھێزەکەیان ھەر بە ناوی )ھێزی پاراستنی ئێزدخانێ( دەمێنێتەوە، فەرمان و بڕیاریش لە جەنابی سەرۆک بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگە وەردەگرن، ئەوان دەبنە ھێزی پاراستنی ئێزدخانێی سەر بە پێشمەرگەی کوردستان. رەنگە ھەندێک ھێمای ئەوان بمێنن، وەکی دی ھەموو بڕیار و راسپاردە و فەرمانیش لە ھەرێمی کوردستانەوە وەردەگرن، ئەوان دەبنە ھێزێکی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ھەموو دەڤەرەکان، ھەر جێیەک بەوان بسپێردرێ ئەوا بۆ پاراستنی ئەو جێیە دەکەونە رێ.

فەرماندەی فەرماندەیی شنگال سەر بە پێشمەرگەی کوردستان گوتی: "ئێمە پێشنیارمان کردووە ھەموو ئەو گەنجانەی شنگال کە چووبوونە ریزی پەکەکە و یەپەژە و ھێزی دیکەوە، کاتێک دەگەڕێنەوە و ریزەکانی ئەو ھێزە ناقانوونی و نادەستوورdیانە جێ دەھێڵن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەرفەتی کاریان بۆ دابین بکات، چونکە ئێمە دەبینین کەسانی بێکار بەناچاری چوونەتە نێو پەکەکەوە تەنیا بۆ وەرگرتنی مووچە چونکە ژیان لەم ناوچەیە قورسە، ھیچ بیروباوەڕ و ئامانجێکی لەپشتەوە نییە، ھەر کاتێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەخۆیان بگرێت و دەرفەتی کار و مووچەیان بۆ دابین بکات، من لەو بڕوایەدام کە ھەموو گەنجان شنگال دەست لە ھێزی ناقانوونی و نادەستووری ھەڵدەگرن."

قاسم شەشۆ روونیشی کردەوە، دڵی شنگالیان لەگەڵ ئەوەدا نییە چەکدارانی بیانی لە شنگال بن، ھەموو خەڵکی شنگال دەیانەوێ ئەوان بۆ خۆیان دەڤەری خۆیان بپارێزن، لە ئێستاوە ئەگەر رێ بدرێ بەو کەسانەی چوونەتە نێو ریزی ھێزی ناقانوونییەوە کە بێنە نێو ریزی پێشمەرگەوە، ھەتا دوو مانگی دی یەک کەسی خەڵکی شنگال لەنێو پەکەکە و ھێزە ناقوونییەکانی تردا نامێنێت و ھەموو دەگەڕێنەوە.

ئەوەشی روون کردەوە، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان و ھەموو خەڵکی کوردستان وای کرد ئێزدی لە ئاییندەی خۆیان نەترسن، ئەو کارەساتە گەورەیەی رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ بەسەر خەڵکی شنگالدا ھات، سەرۆکی عێراق و سەرکردەکانی جیھان خۆیان لە ئێزدی بە خاوەن نەکرد، سەرۆک بارزانی لە کۆشکی سەرۆکایەتی دانەنیشت، بارزانی شەو و رۆژ کاری بۆ رزگارکردنی شنگال کرد ھەتا شنگالی لەدەست تیرۆریستان رزگار کرد. بەڕاستی کاتێ خەڵکی شنگال بینییان کە سەرۆک بارزانی خۆی لێ بەخاوەن کردن، سەبووریمان ھات و خەمی خەڵکی شنگال سووک بوو، ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی وای کرد کوردی ئێزدی لە ئاییندەی خۆی نەترسێ.

پەیوەست بەو باسە، مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو ھێزەی حەیدەر شەشۆ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەکو ھێزێکی پێشمەرگە قبوڵ کراوە و ئەوە یەکلا بووتەوە.

لای خۆشیانەوە فەریق جەبار یاوەر وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، ئەو ھێزە داوای کردووە بێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ئەوەش پێویستی بە رەزامەندیی مەسعود بارزانی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی کوردستان ھەیە، لە ئێستا باس لەوە دەکرێت داوای لیستی ناوەکان لەو ھێزە کرابێت، بەڵام ئەوان وەکو وەزارەتی پێشمەرگە تاوەکو ئێستا لیستی ناوەکانی ئەو ھێزەیان بەدەست نەگەیشتووە، ئەگەریش قبوڵ کرابن ئەوە دەخرێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

تعليقات

المشاركات الشائعة