رزگاربوويه‌كا ئێزدى:ئه‌ره‌بان خيانه‌ت ل ئێزديان كر

باسنيۆز:
گێڕانەوە و دیکۆمێنتکردنی چیرۆکی منداڵان و ئافرەتانی ڕفێندراو و دیلی دەستی تیرۆریستانی داعش، ھەر بە تەنیا بۆ ئەوە نییە، داعش و داعشییەکانی لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە پێ تاوانبار بکەین، بۆ ئەوەش نییە، ئاگەداری تراجیدییایەکی ئینسانی پڕ تاوان و ئێش و ئازار بین، لە پاڵ گرینگیی ئەم ئامانجانەشدا، ئاگەداربوون لە وردەکاریی چیرۆکی ئەم قوربانییانە، بۆ ھەر ئینسانێکی کورد و کوردستانی، بە تایبەتی نەوەکانی داھاتوومان، زۆر پێویستە. تا ھەمووان داعش وەک خۆی بناسن. تا نەوەکانی کورد و کوردستان بزانن، ئەوانەی داعشن، یان ھاوکارین، یان ھەڵگری فیکری داعشن، زەڕەیەک ئینسانییەت و ئەخلاقییان تێدا نییە.
غەزال و خیانەتی کریڤە عەرەبەکەیان
غەزال ئیسماعیل، خەڵکی کۆمەڵگەی (حەردان)ی باکووری شنگالە، چیرۆکی ئەسارەتی پڕ تراجیدیای خۆی بۆ گێڕاینەوە: سەرلەبەیانی زووی ڕۆژی یەکەمینی کارەساتی شنگال، کاتێک بیستمان و بینیمان شنگالییان بە ھەر چوار لادا ھەوڵی دەربازبوون دەدەن، پیاوەکانی خێزانی ئێمەش گوتیان وا داعش نێزیک بووەتەوە با خۆمان بگەیەنینە ماڵی کریڤە عەرەبەکەمان لە گوندی (گر شەبەک)ی نێزیک حەردان. خدر خەلەف ئەلعفری. ساڵانێک بوو کریڤی مە بوو. ھەر بە پێ کەوتینە ڕێ و کاتێک تەلەفۆنیشیان بۆ کردن ئەوان بە دوو تروومبێلی خۆیان ھاتن بە پیرمانەوە. بە گەیشتنمان، داوامان لێ کردن بمانشارنەوە. تا بەڵکو شەو دابێت خۆمان بگەیەنینە چیای شنگال وەک ئەو خەڵکانەی دیکە، یان بەرەو ڕەبیعە و لەوێوە بۆ دھۆک. کریڤەکەمان، داوای کرد، ئافرەتان و منداڵان بچینە قاتی سەرەوەی ماڵەکەیان و پیاوەکانیش لە خوارەوە بمێننەوە. ھەر زوو ھەستمان کرد، جووڵە و ھاموشۆ و پسکەپسکی کوڕەکانیان ئاسایی نییە. بەڵام خۆ تازە چارمان نییە و داعش لە دەروبەری گوندەکەن. سەعاتێکی نەبرد، داعش گەیشتە سەرمان. دەرکەوت کوڕەکانی کریڤەکەمان ھەر ھەموویان داعشن. لە کاتێکدا کرڤایەتی و تێکەڵیی خێزانەکەمان لەگەڵیاندا دەیان ساڵە بەردەوامە، کەچی بە یەک سەعات خیانەتیان لێ کردین.
داعشەکان، پاش ئەوەی ھەرچی زێڕ و خشڵ و پارە و مۆبایلمان پێبوو لێیان ستاندین، ھەر ھەمووانیان سواری ترۆمبێل کردین و بەرەو دووڕیانی حەردان(سەر ڕێگەی سەرەکیی شنگال – سنونێ) بردیانین. لە دووڕیانەکە، ھەمووانیان دابەزاندین. ھەر لەوێ ھەموو پیاوەکانیان لێ جیا کردینەوە و بە بەرچاوی ئێمەوە لەسەر چەقی دووڕیانە ڕیزیان کردن و دەستیان بەستنەوە. ئێمەشیان (ئافرەت و منداڵان) سواری ترۆمبێلەکان کردەوە و ڕۆیشتین. ئێمە جارێکی دیکە پیاوەەکانمان (مێردەکەم، باوکی، سێ برای مێردەکەم و چوار ئامۆزای) نەبینیەوە و ئێستێش چارەنووسیان نازانین. ڕۆیشتین تا گەیشتینە بازگەی کەسکێ. لەوێ چەندین خێزانی حەردانی دیکەمان بینی کە ئەوانیش پیاوانیان لەگەڵدا نەبوو. دوای ئەوە ھەموومانیان بە ترۆمبێل برد بۆ قوتابخانەی (ئەزاھیر) لەنێو شاری تەلەعفەر. لە ماوەی ئەو حەفتەیەی ماینەوە، ھەرچی کچ و ژنی گەنج و جوان ھەبوو بردیانن و ئیدی نەمانبینینەوە. بیرم دێت، ژنێکمان تێدا بوو ناوی خالیدە بوو. خالیدە، سامیەی کچی شاردەوە تا نەیبەن، کاتێک لێیان پرسی کوا سامیە؟ گوتی نازانم لەو قەرەبالغییەدا چی لێھاتووە. بڕوایان پێ نەکرد و گوتیان تۆ یارمەتیت داوە و ھەڵاتووە. دایکەکەش گوتی: ئەوە منداڵە ئاخر بۆ چیتانە؟ دەتانەوێت ئەتکی کەن؟ داعشییەکە وەڵامی دایەوە: بەتەئکید ئەتکی دەکەین چونکە سەبییەیە.
نەخێر وازیان نەھێنا و کەوتنە گەڕان تا سامیەیان دۆزییەوە. سامییەیان برد و دایکیان دایە بەر سۆندەی ئاو. دواتر بردیان بۆ جەڵد. بە بەربەرچاوی ھەموومانەوە کەوتنە بەردبارانی دایکەکە. خالیدە ھاواری دەکرد و خوێن بە سەر و دەموچاویدا دەھاتە خوارێ. ڕاستتان دەوێت، ئیدی خالیدەمان نەبینییەوە، وەلێ تا ئەم چرکەیە دیمەنەکەی لەبەر چاومە.
غەزال کە ھاتنەوە پێشچاوی خالیدە تاساندبووی، لەسەر گێڕانەوەی ئازارەکانی دیلێتی دەستی داعش بەردەوام بوو: ”ڕۆژی دوایی بردیانین بۆ سجنی بادووش لای موسڵ، لەوێ جگە لە منداڵەکانی خۆم، برایەکی دوازدە ساڵانم لەگەڵدا بوو ھاتن بیبەن. منیش کە منداڵە شیرەخۆرەکەم بەباوەشەوە بوو، ویستم ڕێیان لێ بگرم، نەخێر وایان ڕاپسکاندم، منداڵەکەم بەباوەشمەوە پەڕی و کەوت. تا منداڵەکەم ھەڵگرتەوە، براکەمیان برد و تا ئێستێ نەمبینیوەتەوە و ھەواڵی نازانم. کاتێک فڕۆکە دەوروبەری سجنی بادووشی بۆمباران کرد، ئێمەیان گێڕایەوە بۆ تەلەعفەر. لەوێ جیایان کردینەوە.
لەو ڕۆژەوە ئیدی نازانم خەسووم و سێ بووکەکەی دیکەیم نەبینییەوە. دوای ئەوانیش کچە ھەشت ساڵانەکەیان لێ ستاندم“.
غەزال دایە پڕمەی گریان و کەمێک وەستاین، ئنجا بەردەوام بوو: ”پاش سێ مانگ، داعشەکان گوتیان یەڵڵا ئەوانەی پیاوەکانیان دیار نین با خۆیان ناونووس بکەن، ئێستا پیاوەکانتان بۆ دێنینەوە و ھەرکەس بچێتەوە لای مێرد و خێزانی خۆی و بە پێشمەرگەتان دەفرۆشینەوە. زۆر دڵخۆش بووین و ھەر کەسە و پەلەی بوو خۆی و منداڵەکانی ناونووس بکات. سواری ترۆمبێلیان کردین و بەرەو شنگال. لەوێ کچە گەورەکەمیان لێ جیاکردمەوە چەند گوتم نەخۆشە و ھاوارم کرد گوێیان پێ نەدام. ئێمە ٣٠ ئافرەت بووین بە منداڵەکانمانەوە لەنێو پاسێکدا. گەیشتینە شنگال. زۆر دڵخۆش بووین و ئاھێکمان وەبەردا ھاتەوە، چونکە گوایە دەماندەنەوە دەستی پێشمەرگە، کەچی ھێندەی نەبرد بێھیویان کردینەوە کاتێک ترۆمبیلەکەمان لە شنگال نەوەستا و بەرەو سنووری سووریا ڕۆیشت. ھەر ڕۆیشت. درەنگانێکی شەو گەیشتینە ڕەققە.
ڕەققە.. کڕین و فرۆشتن و سووکایەتی
پانزە ڕۆژ لە ڕققە ھێشتیانینەوە. دواتر دەستیان کرد بە فرۆشتنمان. ڕۆژێکی زۆر سارد و سەرما بوو، داعشێکی سعوودی، پیاوێکی کەتەی زلی ڕیشنی ڕەزاگران بە ناوی (ئەبو جوھەیمانی جەزراوی) ھات و منی کڕٍییەوە. بۆ شەو خەونێکم بینی. پیاوچاکێک بە جلکێکی ئاودامان سپییەوە ھاتە خەونەکەم و پێی گوتم: خەمت نەبێت، ڕزگارتان دەبێت، داعشیش کۆتایی دێت، بەس تۆ خۆت بکە بە کوێر و لالڕ. خەبەرم بووەوە، منداڵەکەم دەگریا، شیرم دایە و خەوتمەوە. بۆ بەیانی خەونەکەم بۆ کچەکەم گێڕایەوە و گوتم من لە ئێستێوە کوێر و لاڵم. بۆ ئەوەی شکۆی خۆم و منداڵەکانم بپارێزم، بیست مانگ خۆم کوێر و لاڵ کرد. پاش کەمێک، خاوەنەکەم (ئەبو جوھەیمان) ھات. قسەی لەگەڵ کردم من وەڵامم نەدایەوە. لە کچەکەمی پرسی: دایکت چییەتی؟ گوتی: دایکم کوێر و لاڵە. لە کەنگێوە؟ کچەکەم گوتی: لە ڕۆژی کارەساتەکەوە وای لێ ھاتووە، منیش دەبێت ھاوکاریی بکەم. داعشەکە گوتی: نانم بۆ ھێناون ھەستن بیخۆن.
کچەکەم دەستی کرد بە ھاوکاریم لە نانخواردندا. ھێندەمان نەزانی، دوو داعش خۆیان کرد بە ماڵدا. خاوەنەکەم دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵیان، منیش گوێم گرتووە. خاوەنەکەم دەیگوت: ئەم سەبییەیەم کڕیوە، پارەیەکی زۆرم پێ داوە، کەچی دەرچوو کوێر و لاڵە، چونکە باڵای بەرز و جوانە. یەکێکیان پێگی وت: نەفرەتی خوای لێ بێت، درۆ دەکات، ئەوە فێڵبازە. ئەوی دیکەیان گوتی، ئەوەی لالڕ بێت، کەڕیشە، بۆیە درۆ دەکات. ئەوەکەی دیکەیان ھەڵیدایە، گوتی: با لێی دەین بزانین ڕاست دەکات. کەوتنە لێدانم بە دار و قۆناغە تفەنگ، خوا ڕەحمی کرد خۆم ڕاگرت و چەندی ئازاریان دام نوتقم نەکرد، ئیدی لە ھۆش خۆم چووم. گوێم لە گریان و ھاواری منداڵەکانم بوو، بەڵام ھەر خۆم ڕاگرت. گوتیان با بیبەین بۆ پشکنین بۆ نەخۆشخانە بزانین کوێر و لاڵە.
یەکێکیان گوتی: لێی گەڕێن لە پشکنین دەرناچێت. خاوەنەکەم گوتی، چی بکەین ئیدی ئەوە نسیبی خۆمە. ئەوی دیکەیان زۆر بێئەخلاقانە و بە پێکەنینەوە دەیگوت: قەیدی چییە کوێر و لاڵە، خۆ لە جێگەدا عەیبی نییە. یەکەکەی دیکەیان گوتی: کەواتە مادام تۆ کوێر و لاڵی، ئەو کوڕەت دەبەم بۆ سەربازگەی مەشق تۆ پێت بەخێو ناکرێت. خاوەنەکەم گوتی: با پرسیاری قازیی شەرعی بکەین. ئیدی ڕۆژی دوایی ھاتەوە گوتی نا کوڕەکەت نابەین. زۆر دڵخۆش بووم، بە ئیشارەتیش بە خاوەنەکەم گوت سەرم زۆر دێشێت ھی لێدانەکە. گوتی: حەپی سەرئێشەت بۆ بێنم؟ گوتم نا. پاش حەفتەیەک، ئەبو جوھەیمان، فرۆشتینییەوە بە داعشێکی دیکە ناوی ئەبو عومەری نەجدی بوو. ئەم داعشە سعوودییە، ئیشوکاری کڕین و فرۆشتنی ئافرەتان بوو. ئەو ئافرەتانەی دەکڕین، دەیبردن بۆ گەرماو و ساڵۆن و جوانکاریی بۆ دەکردن و وێنەکانی بڵاو دەکردنەوە بۆ فرۆشتن. لەسەر وێنەکەی منی نوسیبوو: ھەرچەندە کوێر و لاڵە، بەڵام شاجوانی دنیایە، ڕێکوچکۆلانەیە.
ڕزگاربوون لە دۆزەخی داعش
غەزال، بە حەسرەتەوە دەیان چیرۆکی ئەشکەنجە و ئەتککردن و کڕین و فرۆشتنی بۆ گێڕاینەوە، تا دواجار کەوتووەتە دەست داعشێکی سووریی خەڵکی ڕەققە و ئیستەرەمی کردووە کە منداڵێکی لێی ببێت. ئاقیبەت، چونکە گوایە کوێرە و لاڵە، خۆی و منداڵەکانی ڕەوانەی خانەیەکی بێسەرپەرشتانیان کردووە. لەوێ ئیدی وردە وردە کەوتووەتە کەڵکەڵەی چۆن خۆی و منداڵەکانی دەرباز بن.
غەزال گوتی: لەو خانەیەدا ئافرەتێکی دیکەی شنگالیمان لەگەڵدا بوو بە ناوی (شیرین). زۆر وریا بوو. پێم گوت بۆ ھەوڵ نادەی تەلەفۆنی کەسوکارم بۆ من پەیدا بکەی، ئاخر من خۆم کوێر و لاڵ کردووە و ناتوانم بچمە بازاڕ، دوایی ئاشکرا دەبم.
ھەرچۆنێک بوو، شیرین لە ڕێی تەلەفۆنی خزمەکانی خۆیەوە، ڕۆژێک مۆڵەتی لە بەرپرسی خانەکەمان وەرگرت و چوو تەلەفۆنی بۆ مامی مێردەکەم کرد. ئەویش دیارە بە بیستنی ھەواڵی ئێمە لە کوردستان کاری خۆی کردبوو بۆ ڕزگارکردنمان. ماوەیەکی پێ چوو، شیرین و کچەکەم مۆڵەتی سەعاتێکیان وەرگرت و چوون بۆ مەکتەبی تەلەفۆنات لە بازاڕ، لەڕێی مامی مێردەکەمەوە ژمارەی کەسێکی پێ دابوون و تەلەفۆنیان بۆ کردبوو، ئەویش بە جوانی تەگبیری بۆ کردبوون کە چی بکەین و چی نەکەین و چۆن فڵانە ڕۆژ لە خانەکە بە دزییەوە دەرچین و بچینە ماڵێک و تەلەفۆن بکەین. ئێمەش ھەر وامان کرد و لەو دۆزەخە ڕەشەی داعش ڕزگارمان بوو.

تعليقات

المشاركات الشائعة