په‌رله‌مانتاره‌ك نووترين زانياريان ل سه‌ر كه‌يسا كچ و ژنێن ئێزدى ئاشكه‌را دكه‌ت



باسنيۆز:
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خۆیشی خانمە کوردێکی ئێزدییە، نوێترین زانیاری لەبارەی کەیسی کچ و ژنە ڕفێندراوە کوردە ئێزدییەکانی ژێردەستی ڕێکخراوی داعش بۆ (باس) دەخاتە ڕوو.

ڤیان دەخیل ڕای دەگەیەنێ، تا ئێستا نزیکەی ٣ ھەزار و ٦٠٠ کچ و ژن لەژێر دەستی ئەو ڕێکخراوەدا ماون، کە بەپێی زانیارییەکان ھەندێکیان لەناو شاری مووسڵ و ھەندێکیشیان لە ڕەققە و حەویجە و بەعاج و تەلەعفەردان، ئاشکراشی دەکات، ژمارەیەک لەو کچ و ژنانە کە نەیانتوانیوە قبووڵی ئەو ئازارانە بکەن بە دەستی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوەوە، خۆیان کوشتووە، یان خۆیان خنکاندووە و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێناوە.

ڤیان دەخیل، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باس) ی ڕاگەیاند: "لەسەرەتای داگیرکردنی شەنگال لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە،‌ نزیکەی ٦ ھەزار و ٩٠٠ کچ و ژنی ئێزدی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە ڕفێندران، تا ئێستا ٢ ھەزار و ٧٦٠ کچ و ژن ئازاد بوون و گەڕاونەتەوە بۆ نێو کەسوکاریان، کە ھەندێکیان ھەر لەسەرەتای ڕووداوەکەوە ھەڵاتوون و ھەندێکیشیان لەبەرامبەر بڕێک پارەدا رزگار کراون". 

گوتیشی: "زۆرینەی ئەو کچ و ژنانەی تا ئێستا لەژێر دەستی ئەو ڕێکخراوەدان لە شاری ڕەققەدان و ھەندێکیشیان لەناو مووسڵ و حەویجە و بەعاج و ڕەبیعەدان، لە ھەموو تەمەنێکیشیان تێدایە. لە منداڵێکی ٤ ساڵانەوە تا ژنێکی تەمەن ٥٠ ساڵە، بەزۆرییش ژنی ماڵەوەن، لەگەڵ ئەوەشدا ژن و کچی خاوەن بڕوانامەشیان تێدایە".

د. ڤیان دەخیل لەبارەی تێچووی ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانەوە ڕوونی کردەوە: "نووسینگەیەکی تایبەتی سەر بە سەرۆکی حکوومەت ھەیە، کە ئەرکی ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانەی لەئەستۆ گرتووە بەرامبەر بڕێک پارە، تا ئێستا نازانین چەندە پارەیان بۆ ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانە خەرج کردووە، چونکە بڕەکان گۆڕانکارییان بەسەردا ھاتووە و جیاوازیی ھەیە لە نرخی کچ و ژن و کچ و کچدا".

ئاشکراشی کرد: "لەسەرەتادا نرخەکان زۆر کەم بوون، بەڵام کە ڕێکخراوی داعش زانی نووسینگەیەکی تایبەت ھەیە ئەرکی ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانەی لەئەستۆ گرتووە، نرخەکانی بەرز کردووەتەوە لە ١٠ ھەزار دۆلارەوە بۆ ٢٠ ھەزار و ٣٠ ھەزار و ٤٠ ھەزار دۆلار".

دەخیل، لەبارەی ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراقەوە بۆ کچان و ژنانی ئێزدی گوتی: "حکوومەتی عێراق لەم پرسەدا یەک ھەنگاوی بۆ ئازادکردنی ئەو کچ و ژنانە نەناوە، بەڵام بە ھەوڵی ئێمە لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٧دا بڕی ٢ ملیار دینار بۆ ئەو پرسە تەرخان کراوە، ھەرچەندە ئەو پارەیەش بڕێکی زۆر کەمە بە بەراورد بەو کەیسە گەورەیە".

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد "چەندین حاڵەتی خۆکوشتن لەنێو ئەو کچ و ژنانەدا تۆمار کراون، ھەندێک بە چەقۆ خۆیان کوشتووە و ھەندێکی دیکەش خۆیان خنکاندووە، کە تێیاندا بووە خوێندکاری کۆلیجی پزیشکیی بووە، بەڵام لەبەرئەوەی ژمارەکان بە بەردەوامی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بۆیە ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نییە تایبەت بە ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا خۆیان کوشتووە".

جەختیشی کردەوە: "ئەوانەی ڕزگار کراون بارودۆخی دەروونییان زۆر خراپە و پێویستیان بە چارەسەریی دەروونی ھەیە، پێویستە سەنتەری تایبەتیان بۆ بکرێتەوە بۆ ڕاھێنانی دەروونی و پرۆژەی بچووکیشیان بۆ بکرێتەوە بۆ فێربوونی پیشەی جیاواز، بۆ ئەوەی ھەم باری دەروونییان باش بێت و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە سوودی لێ ببینن".

ڕێکخراوی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشی کردە سەر قەزای شەنگال و داگیری کرد، لەو چوارچێوەیەشدا ھەزاران کچ و ژنی ئێزدیی ڕفاند و بە سەدان کوڕ و پیاویشی کوشت.

تعليقات

المشاركات الشائعة