حکوومەتا هەرێمێ پێشوازيێ ل راپۆرته‌كا لێبۆرينا نێڤ ده‌وله‌تى سه‌باره‌ت ب ئێزديان دكه‌ت

هەولێر-KDP.info- 
 ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕایگەیاند کە ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هاوکاریکردنی ئێزدییەکان دەیکات بەس نییە و پێویستە جددی تر بێت لەم بوارەوە بڕوانرێت. دیندار زێباری پێوەست بەم پرسە دەڵێ حکوومەتی هەرێم پێشوازی لەو تێڕوانیینە دەکات.

لین مەئلووف، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەیرووتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتان (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) لە دواین لێدوانیدا لەسەر بنەمای چاوپێکەوتن لەگەڵ ١٨ ڕزگاربووی ژێر دەستی داعش کە لە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاوی کردەوە،  ڕەخنە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگرێت بەوەی کە کەمتەرخەم بوونە لە هاوکاریکردنی ئەو ئێزدیانەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێندرابوون و داوا دەکات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاردانەوەیەکی جددیتری هەبێت بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیێنێتە ڕزگاربووانی ژێردەستی داعش، چوونکە ئەو تاوانانەی داعش لە کچان و ئافرەتانی ئێزدیی کردووە، تاوانی دڕندانەی جەنگەودەرە و هیچ پاساوێکی بۆ نییە، ئەگەر ئەوانیش هاوکار نەبن، ئەوە ژمارەیەکی زیاتری ئەو ڕزگاربووانە بەردەوام دەبن لە ئازارچەشتن بەهۆی ئەو ڕەوشەی تێی کەوتوون.

لەلای خۆیەوە حکوومەتی هەرێم کوردستان بە گەرمی پێشوازی لەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتان دەکات و پێی وایە نووسینی ڕاپۆرتی لەم چەشنە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دروست دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوکاری زیاتری ئەو ئێزدیانە بکەن کە بەهۆی هاتنی داعش بۆ ناوچەکەیان بوونەتە قوربانی، ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕابردوودا حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی پاڵپشتی خۆی بۆ ئێزدییەکان دووپاتکردووەتەوە و بەگوێرەی توانا هاوکاری کردوون بەڵام بۆ تێپەراندنی ئەم ڕەوشە لەلایەن ئێزدییەکانەوە هاوکاری زیاتری نێودەوڵەتی پێویستە.

د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیاند بە گوێرەی دواین ئامارەکان کە لە دامودەزگا حکوومییەکانەوە دەست کەوتووە دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانی شنگال و زومار بە سەدان‌هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە و دەربەدەر بوون و تا ئێستا نزیکەی 360هەزار هاووڵاتیی ئێزدی لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە بوونە و 1293 هاووڵاتی ئێزدیش شەهید بوونە. لە ئەنجامی ئەو هێرشیانەش کە بۆ سەر ئێزدیەکان کراوە  1759  منداڵ باوکیان نەماوە، 407 منداڵ دایکیان نەماوە و 359 منداڵیش نە دایکیان ماوە نە باوک؛ 220 منداڵیش دایک و باوکیان دیلی تیرۆریستانی داعشن.

زێباری ئەوەشی ڕاگەیاند کە تا ئێستا 30 گۆری بەکۆمەڵ و دەیان گۆری تاک تاک دۆزراونەتەوە و 44 مەزار و شوێنی ئاینی ئێزدییەکان تەقێندراونەتەوە، هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری زیاتری ئێزدییەکان بکات بۆ ئەوەی ئەم ڕەوشە تێپەڕێنن،  بەتایبەت ئەوانەی کە لە ژێر دەستی داعش بوون و ئێستا ڕزگاریان بووە و لە ڕەوشێکی دەرونی خراپدا دەژین.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاشکرای کرد لەسەرەتای هاتنی داعش بۆ شنگال و نزیکەی 6413 هاووڵاتی ئێزدی کە 3543یان ئافرەت و 2870یان پیاو، ڕفێندران و لەو کاتەوە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئازادکرانی ئەو ڕفێندراوانە و توانیویانە کە  2678 هاووڵاتیی ئێزدی ڕزگار بکەن. 

لە کۆتایدا سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە ئێزدیانەی کە لەژێر دەستی داعشدا.

تعليقات

المشاركات الشائعة