جێگرێ پارێزگارێ نەینەوا: بریارا ڤهگوهاستنا خێزانێن داعش بۆ مووسل هاته سهكناندن
وشه:
جێگری پارێزگای نەینەوا رای دەگەیەنێت كە بڕیارێك هەبوو بۆ هێنانی 32 هەزار لە خێزانی داعشەكان لە سووریاوە و نیشتەجێكردنیان لە كەمپەكانی مووسڵ، بەڵام وەك حكوومەتی خۆجێتی پارێزگاكە و خەڵكی مووسڵ رەتمان كردەوە و ئێستەیش حكوومەتی عێراق بڕیارەكەی وەستاندووە تا دۆزینەوەی رێگەچارەیەكی تر بۆ ئەو بابەتە.
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ "وشە" روونی كردەوە كە وەك حكوومەتی خۆجێتی نەینەوا هەفتەی رابردوو هەواڵمان پێ گەیشت كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و حكوومەتی عێراق و حكوومەتی سووریا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیاریان دابوو 32 هەزار كەس كە داعشن لە كەمپی هۆل لە سووریا بێننەوە پارێزگەی نەینەوا و لە چەند شوێنێك نیشتەجێ بكرێن.
زیاتر گوتی، وەك حكوومەتی خۆجێتی نەینەوا و خەڵكی مووسڵیش بەوە رازی نەبووین، بەتایبەتی كەسوكاری قوربانیانی دەستی داعش، بۆیە وەك نوێنەری دەنگی ناڕازی نەینەوا لەو بارەوە لەگەڵ شێروان دووبەردانی پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا سەردانی بەغدامان كرد و ئەمڕۆ چاومان بە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كەوت.
رۆژبەیانی روونی كردەوە، ئێمە ناڕەزایەتی خەڵكی مووسڵمان گواستەوە بەوەی ناكرێت 32 هەزار داعش بێنن بۆ پارێزگاكە، لەوەش كارەساتتر ئەوەیە ئەو كەمپانەی بۆیان ئامادە كرابوو بریتین لە كەمپەكانی حەمام عەلی 500 خێزان و حاجی عەلی 300 خێزان و جەدعە 200 خێزان و نەمروود 300 خێزان بوو و 85-90%یان ژن و منداڵن، ئێمە داوامان كرد كە ناكرێت ئەوانە بێننە ناو جەرگەی شار، چونكە بەریەككەوتنیان دەبێت لەگەڵ خەڵك و منداڵەكانیان مەشقیان پێ كراوە و مێشكیان شووراوەتەوە و هزری داعشی بەسەریاندا زاڵە بۆیە بەگەڕانەوەیان كاریگەری دەبێت بۆ سەر خەڵكەكە.
جێگری پارێزگای نەینەوا دووپاتی كردەوە، بەهیچ شێوەیەك رازی نابین ئەوانە بێننەوە بۆ ئەو شوێنانە و ئەگەر هەر دەیانهێننەوە ئەوە لاریمان نییە بیانهێنن بۆ ناوچەیەكی وەك حەزەڕ كە ناوچەیەكی بیابانییە تا دەگاتە سنوورەكانی سووریا و رومادی، ئەمڕۆش سەردانی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانمان كرد و ناڕەزایی خەڵكی مووسڵمان پێ گەیاندن و سەردانی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانیش دەكەین، بۆیە حكوومەتی عێراق پێش چەند سەعاتێك بڕیاری دەركرد بۆ دواخستنی ئەو بابەتە بە گەڕانەوەی خێزانەكانی داعش بۆ مووسڵ تا دۆزینەوەی چارەسەرێكی تر یان دیاریكردنی شوێنێكی گونجاوتر بۆ ئەوان و گەڕاندنەوەیان.
تعليقات