حوسێن قاسم:هەولێن ڤه‌كرنا دادگه‌ها نێڤ ده‌وله‌تيا جينۆسايدێ دبەردەوامن

هەولێر-KDP.info- 

 گوتەبێژی لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەكانی تر دەڵێ، لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتیی تایبەت بە جینۆساید و، بە دوو بەرنامە كاری بۆ دەكرێت‌.


(حوسێن قاسم)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار درا سەبارەت بە كەیسی كوردانی ئیزدی و پێكهاتە ئایینەكانی تر دادگایەكی تایبەت دابنرێت و، فەر‌مانی كرد لیژنەكەمان لیژنەی باڵا كار بكات بۆ د‌روستكردنی دادگایەكی نێودەوڵەتی، لەبەر ئەوەی تاوانەكانی تیرۆریستانی داعش نێودەوڵەتین و ددانپێدانانیش بەو تاوانانەدا دەبێت بە شێوەیەكی نێودەڵەتی بێت، بۆیە دوو بەرنامەمان داناوە".


سەبارەت بە دوو بەرنامەكەیش، (قاسم) گوتی، "بەرنامەی یەكەم ئەوەیە كە، لیژنەی باڵا لیژنەیەكی لاوەكی پێك بێنێ و سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن قسە بكات سەبارەت بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مەلەفی یاسای جینۆساید كە تا ئێستا چیمان كردووە و پلانمان چییە و داخوازیی خەڵكی قوربانی لە ئێزدی و مەسیحی و پێكهاتە ئایینەكانی تر چییە، هەروەها داواكردن لە عێراق تا ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتیدا، ئەگەریش نابێت بە ئەندام، دەتوانێ دەسەڵاتی دیاریكراو بدات بە دادگای نێودەوڵەتی كە تەنیا لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش بكات، بۆیە  حكوومەتی هەرێم سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حكوومەتی بەغدادا".


گوتەبێژی لیژنەی باڵای ناساندنی تاوانی جینۆساید دەشڵێت، "بەرنامەی دووەممان ئەوەیە كە، لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەیەكین وەكو لیژنەی باڵا لەگەڵ نوێنەری كۆنسووڵخانەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی تر و پەرلەمانی ئەورووپا، بۆ ئەوەی پێیان بڵێین زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار لەسەر مەلەفی یاسایی جینۆساید دەكات هەر لە كۆكردنەوەی بەڵگەنامەوە بگرە تا دۆزینەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان، كەسوكاری قوربانیانیش داواكارییان ئەوەیە رێزیان لێ بگیرێت و یارمەتیمان بدەن و گوشار بخەنە سەر بەغدا، یاخود رێگایەكی تر دابنرێت بۆ دروستكردنی دادگایەكی نێودەوڵەتی". 

تعليقات

المشاركات الشائعة