سبەی چوارشەممە 19-4-2017 جەژنی چوارشەممەی سوور-ی کوردانی ئێزدییە و لە ئێستاوە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لە کوردانی ئێزدی لە پەرستگای لالش کۆبوونەتەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ جەژنەکە.
لە جەژنی چوارشەممەی سوور-ی کوردانی ئێزدی دەچنە سەر پردێک لە لالش بەنێوی پردی سیرات و لەوێ خۆیان دەشۆن، بەپێی داب و نەریتی ئایینەکەیان دوای خۆشووشتن لەو پردە پاک دەبنەوە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە لالش رایگەیاند: رێوڕەسمی چوارشەممەی سوور رۆژێک پێشووتر لە دەوروبەری رۆژئاوابوون بە هەڵکردنی 365 چرا بەڕێوەدەچێت، وەکو دەربڕینێک بۆ 365 رۆژ.
پەیامنێری رووداو دەڵێت: بابەشێخ، رابەری روحی کوردانی ئێزدی و مەرجەعی ئێزدییەکانی جیهان گەیشتە پەرستگای لالش و بڕیارە ئەندامەکانی دیکەی جڤاتی رووحانی ئێزدیان بگەنە پەرستگای لالش.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت: کوردانی ئێزدی لە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکان بە مەبەستی بەرز راگرتنی ئەو رۆژە هاتوونەتە پەرستگای لالش، لە ساڵانی رابردووشدا خەڵک سەردانی پەرستگای لالشی دەکرد، بەڵام ئەمساڵ بە رێژەیەکی بەرچاو بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکە زیاترە.
پەیامنێری رووداو هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دوای هاتنی داعش بۆ شنگال لە ساڵی 2014، ئەمساڵ یەکەمجارە بەم شێوەیە لە رۆژی سێشەممەی سەری ساڵ، رێوەڕەسمەکە بەڕێوە بچێت و هەر بەو هۆیەشەوە بەشدارییەکەی فراوانترە.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، جیا لە هەڵکردنی چرا، ئەمڕۆ چەندین رێوڕەسمی دیکە بەڕێوە دەچن، لەوانە خەڵک سەردانی یەکدی دەکەن و خواردنی تایبەت دروست دەکرێت، هاوکات گوڵی نیسان لە سەریان دەکەن، مانگی نیسان لەلای کوردانی ئێزدی تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەو مانگەدا هیچ رێوڕەسمێکی بوک گواستنەوە ئەنجام نادرێت، چونکە بەگوتەی ئەوان نیسان خۆی بوکە، هەروەها زەوی ناکێڵن و پێیانوایە زەوی دووگیانە ئەمەش وەکو پیرۆزییەک بۆ زەوی.
تعليقات