"چەند مانگێکە هەوڵدەدەین ئاو و کارەبا و ژیان بۆ شنگال بگەڕێنینەوە، بەڵام رەوشی ئەمنی ناو شارەکە رێگەمان پێ نادات". ئەمە وەڵامی یەکێک لە باڵاترین بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە عێراق، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی شەڕەکانی ئەم دواییەی شنگال.
لیز گراندێ، بەرپرسی بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی "چەند مانگێکە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدەدات لە شنگال بەرنامەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال جێبەجێ بکات. دوای ئازادکردنی شنگال، ئێمە زۆر بە پەرۆشین خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆی لێ دابینبکەین و، ژیان بۆ ئەو شارە بگەڕێنینەوە، بەڵام لەبەر خراپی رەوشی ئەمنیی شارەکە، نامانتوانیوە ئەو کارە بکەین و، شەڕەکانی ئەم دواییەش جێگای نیگەرانین".
لەبارەی کات و شێوازی دەستپێکردنی شەڕ بۆ رزگاکردنی حەویجە و تەلەعفەر، بەرپرسی بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتی" بۆ بابەتی شەڕ بۆ رزگارکردنی حەویجە و تەلەعفەر و، شارە گەورەکانی دیکەی ژێر دەستی داعش: حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر هەماهەنگیان لەگەڵماندا کردووە. تێگەشتنی من ئەوەیە: نیازیانە هەر شەڕی موسڵ کۆتاییهات، ناوچەکانی دیکەش رزگاربکەن".
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها ئەو راپۆرتانەی ئەم دواییەی لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە موسڵ پشتراستکردەوە، بەڵام حکومەتی عێراق دەڵێت هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمایی لەشەڕی موسڵ.
پێشتر ئەمریکا و بەریتانیا دژی ئەوە بوون ئەنجوومەنی ئاسایش گرنگی بە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بدات لە لایەن داعشەوە و، دەیانگوت رووسیا ئەو بابەتە گەورەدەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سووریا.
کەچی ئێستا هەڵوێستی بەریتانیا و ئەمریکا لەوبارەیەوە گۆڕاوە. ماسیو رایکرۆفت، باڵێۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتگیری لە پرۆژە بڕیارێک دەکەین لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ئەو لایەنانەی دەوڵەت نین. بۆ بەریتانیا هەموو جۆرێک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی جێگەی قەبوڵکردن نییە".
تعليقات