میر تەحسین بەگ ڤه‌گه‌ريا هەرێما کوردستانێ

رووداو - هەولێر
دوای سێ ساڵ مانەوەی لە ئەڵمانیا، میر تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە جیهان لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە هەرێمی كوردستان. 
کاژێر 16:00ی رۆژی یەكشەممە 26-2-2017 میر تەحسین بەگ، میری ئێزدیانی جیهان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە ئەڵمانیاوە گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.
خەیری بوزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقافی كاروباری هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ماوەی سێ‌ ساڵە میر تەحسین نەگەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان، گەڕانەوەشی لەپاش ئەو ماوە زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان لەلای ئێزدیەكان گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
گەڕانەوەی میر تەحسین بەگ لە كاتێكدایە، رۆژی چوارشەممە 22-2-2017 خاتوو تركو شێخ جندی، هاوژینی یەكەمی لە تەمەنی 75 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە لە قەزای شێخان كۆچی دوایی كرد.
ژمارەی ئێزدیەكان لە هەموو جیهان نزیكەی یەک ملیۆن كەس دەبێت ‌و لەو ژمارەیەش 550هەزاریان لە عێراق ‌و هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
میر تەحسین بەگ:
- میری‌ کوردانی ئێزدییە.
- نوێنەرایەتی کوردانی ئێزدی دەکات.
- ساڵی 1933 لەدایکبووە.
- 1944 دوای مردنی باوکی بووەتە میری کوردانی ئێزدی.
- 1962 چووەتە ئەوروپا و ماوەی‌ ساڵێك لەبەریتانیا و ئەڵمانیا نیشتەجێبووە.
- سەرەتای ساڵانی 1970 بەشداری‌ شۆڕشی کردووە.
- 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی کورد ئاوارەی‌ ئێران بووە.
- 1976 روویكردووەتە ئەوروپا و تاوەکو 1981 لە لەندەن‌ ماوەتەوە.
- 1981 بڕیاری لێبووردنی بۆ دەرچووە و گەڕاوەتەوە عێراق.
- زمانەکانی‌ كوردی‌، عەرەبی‌، ئینگلیزی‌ و فارسی‌ دەزانێت.

تعليقات